Muhammet Ali Kemal,Medina Ensar
19 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2016
لە نەخۆشخانەی گشتیی شارۆچكەی پۆڵاتڵی سەربە پارێزگای ئەنقەرە، دەست کرا بە چارەسەركردنی ئەو ٦٨ هاووڵاتییە توركمانە عێراقییەی كە بەهۆی هێرشەكەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، بۆسەر ناحییەی تازەخورماتووی سەربە پارێزگای كەركووك، لە رێگەی غازی خەردەلەوە، باری تەندروستییان تێكچوو بوو.
دوای ئەوەی بە فڕۆكە لە هەولێرەوە گەیەنرانە فڕۆكەخانەی ئەسەنبۆغا لە ئەنقەرە، ئەو ٦٨ هاووڵاتییە عێراقییە ، رەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی پۆڵاتڵی كران و لەوێ لەلایەن سەرۆكی فەرمانگەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان و پەیوەندییە نێودەوڵەوتییەكان، دكتۆر موحەمەد بایرام و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە حوسەین ئارسڵانەوە پێشوازییان لێكرا.
لە لێدوانێكدا بایرام ئاماژەی بۆ ئەوە كرد لەو ٦٨ بریندارە سیانیان برینەكانیان قورسە، راشیگەیاند: ''بەڕێز سەركۆمار دەستی هاوكاری بۆ ستەملێكراوان درێژ كردووە. نەخۆشخانەی پۆڵاتڵی شوێنێكی گونجاوە بۆ ئەم جۆرە نەخۆشانە''.
بایرام ئاماژەی بەوەشكرد پێشتر ١٥ بریندار و حەوت كەسی یاوەریان هێنرانە نەخۆشخانەكە و دوای ئەوەی بریندارەكان چارەسەری پزیشكییان وەرگرت، رەوانەی وڵاتەكەیان كرانەوە.
دكتۆر موحەمەد بایرام راشیگەیاند ''ئەو بریندارانەی كە هاتوون، بەهۆی كاریگەریی چەكی كیمیاوییەوە، تووشی ناڕەحەتی لە كۆئەندامی هەناسەدانیان و كێشە لە پێستیاندا بوونەتەوە. لەپاڵ ئەمەشدا بەشی نەشتەرگەری جوانكاریی و پێست لە نەخۆشخانەی نموونەیی لە ئەنقەرە، سەرگەرمی چارەسەركردنی بریندارەكانن''.
ژنێك لەنێو ئەو بریندارە توركمانە عێراقییانە كە بەرەوڕووی هێرشی كیمیاوی داعش بوونەتەوە، ئاماژەی بەوە كرد لەدوای هێرشەكەوە، برین لەسەر جەستەیان درووستبووە و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكیی هێنراونەتە توركیا.