Heman Hussein Yaseen
24 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
بڕیارە کاتژمێر ١١ی ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوەی ھەفتانەی خۆی ئەنجام بدات و بەپێی زانیارییەکانیش یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، قسەکردنە لەسەر پرسی دەرماڵەی قوتابییان و خوێندکاران کە ماوەی چوار رۆژە خۆپیشاندان لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە دەستی پێ کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، پرسی خۆپیشاندانەکانی قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان و خەرجکردنی دەرماڵەکانیان تاوتوێ دەکرێت، ھەروەھا دەرئەنجامی دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و دۆخی سیاسیی عێراق و پێکھێنانی حکوومەت تاوتوێ دەکرێت و لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەشدا، پرسی کۆچبەرانی کورد لەسەر سنووری بیلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا تاوتوێ دەکرێت.