Heman Hussein Yaseen
28 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2021
ههولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی، کۆبوونەوەی ئاسایی ھەفتانەی خۆی بۆ تاوتوێکردنی چەند بابەتێک ساز کرد.
بەپێی زانیارییەکان تەوەری کۆبوونەوەکە بریتییە لە ؛ خستنەڕووی پرێزنتەیشنێک سەبارەت بە دوا ژمارەکانی پڕۆژەی بوودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١، خستنەڕووی دەرەنجامی کۆبوونەوەی لێژنەی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی لە ھەرێمی کوردستان''.
ھەر بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا چەند یاسایەک کە وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە بۆ دەنگدانی کۆتایی و پێشتر ئەم پڕۆژە یاسایانە خراونەتە بەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر دەکرێت کە بریتیین لە؛ خستنەڕووی پڕۆژەیاسای (دادگای تاوانکاریی تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە ھەرێمی کوردستان ـ عێراق) و ھاوپێچەکەی (رێساکانی رێکار و کۆکردنەوەی بەڵگەکان)، خستنەڕووی پڕۆژەیاسای (بەرکارکردن و ھەمواری پیادەکردنی یاسای وەبەرھێنانی پیشەسازیی ھەردوو کەرتی تایبەت و تێکەڵاو)، خستنەڕووی رەشنووسی ھەموارکردنی یاساکانی (یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، یاسای بازرگانی) تایبەت بە بابەتی (ناوی بازرگانی و تۆماری بازرگانی).