Zana Natık Kerem
24 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
شاندێکی دادوەریی ئێران کە بەسەردانێک لە بەغدایە دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە کوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق، فایەق زێدان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، "فایەق زێدان پێشوازیی کردووە لە شاندێکی دادوەریی ئێران کە راسپێردراوە بۆ بەدواداچوون لە لێکۆڵینەوەی تاوانەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کە بووە ھۆی کوژرانی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندس و فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی و ھاوڕێیەکانیان".
بەپێی راگەیەندراوەکە شاندەکە پێکھاتووە لە یاریدەدەری داواکاریی گشتیی پارێزگای تاران، مستەفا سەید ئەشرەفی، بریکاریی دادگای نێودەوڵەتیی و ژمارەیەک راوێژکاریی یاسایی.
لە سێی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندس و فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.
لە حەوتی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ ، دادوەری راسپێردراوی عێراقی بۆ بەدواداچوون لە دۆسیەی کوژرانی ئەبو موھەندس و قاسم سولەیمانی رایگەیاندبوو کە لەسەر بنەمای ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دەرکراوە.
لە دوای کوژرانی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندس و فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەتایبەتیش بنکە سەربازییەکان بە ئاراستەکردنی مووشەک و فڕۆکەکەی بێفڕۆکەوانی دەکرێنە ئامانج و واشنتۆن گرووپە چەکدارەکانی شیعە نزیک لە ئێران، بە ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە تۆمەتبار دەکات.