Muhammet Kurşun,Abdullah Shukur
21 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2019
تاران - AA
وەزیری نەوتی ئێران، بێژەن نامدار زەنگەنە رایگەیاند، لە ئەگەری راوەستانی فڕۆشتنی نەوتی ئێران، ئەوا سعوودیە، عێراق و ئیمارات ناتوانن ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە کە بەم ھۆیەوە دروست دەبێت.
زەنگەنە لە شاری تاران پایتەختی ئێران لەگەڵ وەزیرەکانی پێشووی نەوت کۆبووەوە و دواتریش لەبارەی پێشھاتەکانی رۆژەڤ لێدوانی بۆ رۆژنامەکان دا.
زەنگەنە لەبارەی بانگەشەی ئەوەی کە ئیمارات یان عێراق یان سعوودیە دەتوانن ئەو بۆشایە پڕ بکەنەوە کە بەھۆی وەستاندنی نەوتی ئێران دێتە ئاراوە، گوتی: "ھیچ وڵاتێک ناتوانێ جێگەی نەوتی ئێران پڕبکاتەوە. سعوودیە، عێراق و ئیمارات بازاڕی خۆیان ھەیە".
زەنگەنە ئاماژەی بەوەشدا کە دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە نەوتھەڵگرەی ئێران لە لایەن بەریتانیا لە گەرووی جەبەل تاریق کاریگەری لەسەر خستنەڕووی نەوتی ئێران نەبووە و گوتیشی: "ئەو کەشتییە نەوتھەڵگرەی دەستی بەسەرداگیراوە، بابەتێکی رۆژەڤی ئێمەیە. چونکە لەمبارەیەوە چەند سنوودارکرنێک لە ئارادایە. ئەمریکا و ھاوپەیمانان لەمبارەیەوە ھەوڵی زیادکردنی سنووردارکردنەکان بۆ سەر ئێمە دەدەن".