عێراق

کۆبوونەوەی مستەفا کازمی لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە لە مەخموور

- سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی: "ھیچ دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، نییە".

Zana Natık Kerem  | 08.12.2021 - نوێکردنەوە : 08.12.2021
کۆبوونەوەی مستەفا کازمی لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە لە مەخموور

Arbil

ھەولێر ــ AA

سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی لە بارەگای میحوەری شەش لە قەزای مەخموور لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکان و پێشمەرگە کۆبوویەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا مستەفا کازمی رایگەیاندووە "ئەمڕۆ لە قەزای مەخموورین بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی قەزاکە و پلانە ئەمنیبیەکان بین لە رووبەڕبوونەوەی ھەڕەشەکانی تیرۆریستان، ئەوەیش بە ئامانجی بەرگرتن لە دووبارەنەبوونەوەی ئەو پێشێلکارییە ئەمنییەی کە بەھۆی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، دانیشتوانی ناوچەکە بەرەوڕووی بوونەوە".

باسی لەوەش کردووە کە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی "لێرەوە لە گۆڕەپانی شەڕدا بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەڵێم کە خەیاڵ مەکەن و یەک یەکتان راوە دەنێین، یەک بە یەکی سەرکردەکانتان دەستگیر دەکەین و سزای عادیلانەشیان دەدەین، ھەموو سەرکردە و ئەندامانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەژێر چاودێریی ھێزی ئاسمانیی عێراقدان و سەرجەم ھێزە ئەمنییەکانیش بەرەوڕوویان دەبنەوە".

گوتیشی: "ھیچ دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش نییە، تەنانەت ئەگەر پاشماوەکانی رێکخراوەکە ھەر ھەوڵێک لەوبارەیەوە بدەن، ھەماھەنگیی باش لەنێوان ھێزە ئەمنییەکاندا ھەیە و بە دەستێکی پۆڵایین بەرەوڕووی تیرۆریستان دەبنەوە، ھەروەھا ھیچ بەناو پەنگایەک بۆ داڵدەدانی تیرۆریستان نییە".

بەپێی راگەیەندراوەکە مستەفا کازمی جەختی کردووتەوە لەسەر ئەوەی کە گەلی عێراق لەبەردەم ھەموو بەرەنگارییەکان یەکگرتووە و ھێزە ئەمنییەکانیش توانای بەرپەرچدانەوەی ھەموو ئەو کەسانەیان ھەیە کە ھەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەکەن.

سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی دوای بەسەرکردنەوەی میحوەری مەخموور، گەیشتە گوندی لهێبان سەربە قەزای دوبز باکووری رۆژئاوای کەرکووک.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنی کە لە ھەریەک وەزیری بەرگریی، جومعە عناد و سەرۆک ئەرکانی سوپا، فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا و جێگری فەرماندەیی ئۆپەراسپیۆنە ھاوبەشەکان، فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر شممەری و سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر، فەریقی یەکەم روکن عەبدولوەھاب ساعدی و بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری ھەوڵگریی، فەریق ئەحمەد ئەبو رەغیف و ژمارەیەک فەرماندەی ئەمنیی لەخۆدەگرێت، گەیشتە قەزای مەخموور.

مستەفا کازمی بەرلەوەی سەردانی مەخموور بکات، سەردانی ھەولێری کرد و لە میانیدا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبووەوە.

ئەم پێشھاتانەیش دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ، ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، دوو ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشیان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە دەست پێ کرد.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın