عێراق

سوودانی: "حەماس بڕیارێکی بەرپرسیارانەی لەبارەی ئاگربەست لە غەززە پەسەند کردووە"

- سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل ھەنییە ڕاگەیاند کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھەڵوێستێک بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە بگرێتەبەر.

Zana Natık Kerem  | 08.05.2024 - نوێکردنەوە : 08.05.2024
سوودانی: "حەماس بڕیارێکی بەرپرسیارانەی لەبارەی ئاگربەست لە غەززە پەسەند کردووە"

Arbil

ھەولێر ــ AA

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی وەڵامەکەی بزووتنەوەی حەماس لەبارەی ئاگربەست لە غەززە بە بەرپرسیارانە لەقەڵەم دا و ڕایگەیاند کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھەڵوێستێک بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە بگرێتەبەر.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل ھەنییە قسەی کردووە.

ڕاشیگەیاندووە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، محەمەد شیاع سوودانی جەختی لەوە کردووەتەوە ئەو بڕیارەی کە حەماس پەسەندی کردووە بۆ ئاگربەست لە غەززە بڕیارێکی بەرپرسیارانەیە و لە پێزانینی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی فەڵەستینەوە سەرچاوە دەگرێت و ئاماژەی بەوەشداوە کە عێراق پاڵپشتی لەو ھەنگاوەی حەماس دەکات کە دەبێتە ھۆی ڕاگرتنی مەینەتییەکانی گەلی فەڵەستین.

باسی لەوەشکردووە کە ھەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھەڵوێستێک بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە بگرێتەبەر و وڵاتە زلھێزەکانیش بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ ڕێگرتن لە بەردەوامبوونی ھێرشەکانی سەر غەززە بگرنە ئەستۆ، بەتایبەتیش کە ھێزی داگیرکار پێداگیرانە دەستی کردووە بە ھێرشکردنە سەر دەروازەی ڕەفەح و ئەوەیش دەبێتە ھۆی کارەساتێکی مرۆیی و بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی تاوانی قێزەون دژی ھاووڵاتییانی سڤیل.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لای خۆیەوە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل ھەنییە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەبارەی بڕیارەکەی حەماس بۆ پەسەندکردنی ئاگربەست لە غەززە، ھەروەھا سوپاس و پێزانینی خۆی نیشانداوە لەبارەی پاڵپشتییەکانی حکوومەتی عێراق بۆ فەڵەستینییەکان لە غەززە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın