Zana Natık Kerem
29 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
کۆبوونەوەی شاندی چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعە بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح، ھادی عامری لەگەڵ سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر کە لە شاری نەجەف ئەنجامدرا، کۆتایی ھات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە شەش لایەنی شیعە لەخۆدەگرێت بەسەرۆکایەتی ھادی عامری بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو، سەردانی شاری نەجەف-ی کرد و لە میانیدا لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆبوویەوە.
کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەکە کۆتایی ھات، بێ ئەوەی ھیچ زانیارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوبکرێتەوە.
کۆبوونەوەکەیش دوای ئەوە دێت، رۆژی دووشەممەی رابردوو، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەسەند کرد.
ئەمەیش دووەم کۆبوونەوەیە کە لەنێوان شاندی چوارچێوەی ھەماھەنگیی و موقتەدا سەدر ئەنجام دەدرێت، دوای ئەوەی رۆژی دووی ئەم مانگە ھەردوولا کۆبوونەوە.