Zana Natık Kerem
29 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند کە ژمارەیەکی زۆر کەم لە راوێژکارانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراقدا ماوەن و ئاسایشیان بۆ دابین دەکەن، دوای ئەوەی ئەرکیان لە رووبەڕووبوونەوە گۆڕاوە بۆ راوێژکاریی.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت دوێنێ سێشەممە، سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح، ھادی عامری رایگەیاند کە قبوڵ ناکەن دوای ٣١ی ئەم مانگە، ھیچ ھێزێکی شەڕکەریی بیانیی لەژێر ھیچ ناوێکدا لە عێراقدا بمێنێتەوە.
گوتەبێژی فەرماندیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی نیمچە فەرمی عێراقییە ئاماژەی بەوە داوە کە لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمنیی عێراق، چوار گەڕی گفتوگۆی لەگەڵ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ئەنجامداوە کە لە میانی ھەر چوار گەڕەکەدا، رێککەوتن کراوە لەسەر کشانەوەی ھێزە شەڕەکان لە عێراق، ھەروەھا گۆڕینی ئەرکی رووبەڕبوونەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ راوێژکاریی، پاڵپشتیکردن و ھاریکارییکردن لە بواری مەشق و پڕچەککردن بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق.
لیوا تەحسین خەفاجی گوتیشی: "ھەر لە سازکردنی کۆبوونەوەی یەکەمەوە، ساڵێک لەمەوبەر، ھێزە شەڕەکەرە بیانییەکان دەستیان بە کشانەوە لە عێراق کردووە، نۆ بنکە و بارەگایشیان رادەستی ھێزە عێراقییەکان کردووەتەوە".
لە ٢٦ی تەمووزی رابردوودا، بەغدا و واشنتۆن لە میانی گەڕی چوارەم و کۆتایی گفتوگۆی ستراتیجییدا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە ھێزەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق بکشێنەوە و تەنھا راوێژکارە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە.
گوتیشی: "سەرجەم ھێزە شەڕەکانی سەربە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق کشانەتەوە، لەئێستادا تەنھا راوێژکارانی سەربازیی لە عێراقدا ماون".
راشیگەیاند " ژمارەی راوێژکارانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش کە لە عێراقدا ماوەن، ئەوەندە کەمە کە ناشێت لە میدیاکاندا بخرێتەڕوو".
گوتەبێژی فەرماندیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی جەختیشی کردەوە کە ھێزە عێراقییەکان بەرپرسیارن لە پاراستنی گیانی راوێژکارانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، ھەروەھا دابینکردنی پێداویستییەکانیان و کارکردن لەگەڵیاندا و گوتی: "راوێژکارانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، لەژێر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن و لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە، فەرمان وەردەگرن".
لە نۆی ئەم مانگە حکوومەتی عێراق و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، رایانگەیاندبوو کە بە فەرمی کۆتایی بە ئەرکی ھێزە شەڕەکانی سەربە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە عێراقدا، ھاتووە.
واشنتۆن لە ساڵی ٢٠١٤دا، ھاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق و سووریا پێکھێنا کە ئەرکی ھاوپەیمانییەکە، پێشکەشکردنی پاڵپشتی لۆجستیی، ھەواڵگریی و ئاسمانیی بوو بە ھێزە عێراقییەکان لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژبە داعش.
لایەنە سیاسیی و گرووپە چەکدارەکان نزیک لە ئێران، فشاری زۆریان دروست کرد لە پێناو کشانەوەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق، بەتایبەتیش ھێزەکانی ئەمریکا.
ئەو فشارانەیش چڕترکرانەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە سێی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندس و فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.