Zana Natık Kerem
29 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند کە حکوومەتی داھاتوو، حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیی دەبێت.
موقتەدا سەدر دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندێکی چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە شەش لایەنی شیعە لەخۆدەگرێت، تویتێکی بڵاوکردەوە.
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا لە تویتەکەیدا نووسیوویەتی "حکوومەتی داھاتوو، حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیی دەبێت و نە رۆژھەڵاتیی نە رۆژئاوایی".
موقتەدا سەدر لە تویتەکەیدا، زانیاری زیاتری لەوبارەیەوە نەخستووەتەڕوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە شاندێکی چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە شەش لایەنی شیعە لەخۆدەگرێت بەسەرۆکایەتی ھادی عامری بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو، سەردانی شاری نەجەف-ی کرد و لە میانیدا لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆبوویەوە، بێ ئەوەی ھیچ زانیارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوبکرێتەوە.
کۆبوونەوەکەیش دوای ئەوە دێت، رۆژی دووشەممەی رابردوو، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەسەند کرد.
ئەمەیش دووەم کۆبوونەوەیە کە لەنێوان شاندی چوارچێوەی ھەماھەنگیی و موقتەدا سەدر ئەنجام دەدرێت، دوای ئەوەی رۆژی دووی ئەم مانگە ھەردوولا کۆبوونەوە.
بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەوتی سەدر بە بەدەستھێنانی ٧٣ کورسی براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانە.