Fakhradın Ibrahım Mohammad
05 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2020
ھەولێر - AA
بڕیارە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا پرۆژە یاسایەک تاوتوێ بکات کە بوونی سەرباز و راھێنەرە سەربازییە بیانییەکانی لە عێراق سنووردار دەکات.
ئەگەر چی پڕۆژە یاساکە تا ئیستا بۆ رای گشتی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام میدیاکانی عێراقی لە زمان پەرلەمانتارە شیعەکان ئاشکرایان کردووە کە پەیوەندی ھەیە بە سنووردارکردنی ھێزە بیانییەکان لە عێراق.
دەگوترێت ١٧٠ پەرلەمانتار واژوویان لەسەر پڕۆژە یاساکە کردووە، بەڵام تا ئیستا بە ئاشکرا رانەگەیەنراوە کە ھەڵوێستی فراکسیۆنەکانی سوننە و کوردەکان لەم بارەیەوە چۆن دەبێت.
چاوەڕوان دەکرا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ٣٢٩ پەرلەمانتار پێکدێت، کاتژمێر ١٣:٠٠کۆببێتەوە، بەلما بە ھۆی ئامادەنەبوونی نوێنەرانی کورد و سوننە، کۆبوونەوەکە تا ئێستا ئەنجام نەدراوە.
لەم بارەیوە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڤیان سەبری ھەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لەسەر کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا کردووە.
ڤیان سەبری بۆ ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی راگەیاندووە کە فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران ناکەن، کە بڕیارە تایبەت بێت بە ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئەمنی بەغدا و واشنتن و پەسەندکردنی یاسای چوونەدەرەوەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق.
گوتوشیەتی نایانەوێت عێراق ببێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان و ئێستا کاتی ئەوەیە ھەموو لایەک دان بەخۆیدا بگرێت.
ڤیان سەبری راشیگەیاند، وەکو کورد پێیان باشە بەبێلایەنی لەو کێشەیەدا بمێننەوە ئەوەش لە بەرژەوەندی عێراق و ھەرێمی کوردستانە.