Zana Natık Kerem
22 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی و بە ئامادەبوونی 168 ئەندام دەستیپێكرد كە لە میانیدا، خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ ژمارەیەك پڕۆژەیاسا دەكرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی كارەكانی دانیشتەکەی كردووەتەوە.
لە راگەیەنراوێكدا نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوە داوە كە لە دانیشتنەكەدا لە كۆی 329 ئەندام، 168 یان ئامادەبوون.
پێشتر نووسینگەی رایگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاندبوو كە لە میانی دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەندامبوونی كۆماری عێراق لە رێككەوتننامەی پاریس پاشكۆی رێككەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە گۆڕانكاری كەشوهەوا لە ساڵی 1992 دەدرێت.
لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەشكرابوو كە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاسای پاراستنی مافی فەرمانبەران، پێشنیازەیاسای هەمواری سێیەم بۆ یاسای سەندیكای ژمێریاران و وردبینكاران ژمارە (185) بۆ ساڵی 1969، پڕۆژەیاسای جەژنی نیشتمانیی كۆماری عێراق، پڕۆژەیاسای پەسەندكردنی رێككەوتننامەی خۆدزینەوە لە پێدانی باج كە بەسەر داهات و سەرمایەدا سەپێندراوە لەنێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەنگاریا، پڕۆژەیاسای پەسەندكردنی رێككەوتننامەی خێراكردنی هاوكارییەكانی نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی كۆریای باشوور لە بوارەكانی ئابووری و وزەدا و پڕۆژەیاسای تاوانی دزەپێكردنی زانیاری و پڕۆژەیاسای پەسەندكردنی رێككەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە شەفافیەت لە ناوبژوانیكردنی پەیماننامەی نێوان وەبەرهێنەران و وڵاتاندا، دەكرێت.