Zana Natık Kerem
22 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند كە دیاریكردنی فرەبازنەیی هەڵبژاردن گەیشتووەتە قۆناغەكانی كۆتایی.
لەمبارەیەوە ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد غززی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاشكرای كردووە كە دیاریكردنی فرەبازنەیی هەڵبژاردن گەیشتووەتە قۆناغەكانی كۆتایی و ئەگەری هەیە دۆسیەی تایبەت بە فرەبازنەیی هەڵبژاردن لە میانی دانیشتنی هەفتەی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا تەواو بكرێت.
گوتیشی: "ئەنجوومەنی نوێنەران مافی ئەوەی هەیە فرەبازنەیی هەڵبژاردن دیاری بكات و یاسایی هەڵبژاردنەكانیش تەواو بكات و رەوانەی سەرۆكایەتی كۆماری بكات تا پەسەند بكرێت".
محەمەد غززی ئاماژەی بەوەیشدا كە لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بانگهێشت دەكات بۆ ئەوەی پێكەوە میكانیزمی فرەبازنەیی هەڵبژاردنەكان و ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، تاوتوێ بكەن.
لای خۆیەوە ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حوسێن عقابی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند كە تا ئێستا لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیاریكردنی شێوەی بازنەی هەڵبژاردن نەگەیشتوون بە رێككەوتن، چونكە بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەو پرسە هەیە و گوتی: "هەندێك بۆچوون لەگەڵ ئەوەدان هەر پارێزگایەك بكرێت بە دوو یان سێ بازنە، هەندێك بۆچوونیش لەگەڵ ئەوەدان پارێزگا گەورەكان بكرێن بە چوار تا پێنج بازنە، بەڵام هەندێك بۆچوون لەگەڵ ئەوەدان عێراق بكرێت بە 80 بازنە و هەندێك بۆچوونیش دیكەیش لەگەڵ وەدان عێراق بكرێت بە 40 بازنە".
گوتیشی: "هێشتا گفتوگۆ و دانوستانەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان بە ئامانجی گەیشتن بە رێككەوتن سەبارەت بە شێوەی بازنەی هەڵبژاردن بەردەوامە".
لەئێستادا گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانە كە لە ساڵی رابردووەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆژەیاساكە بە تایبەتیش فرەبازنەیی، تا ئێستا پەسەند نەكراوە.
پێشتر سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری كرد و بەلێنی ئەوەی دا كار بكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لەژێر سەرپەرشتی نیودەوڵەتییدا بەڕێوەبچێت.