06 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 07 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
فواد حوسێن، وەک بەربژێری کورد بۆ وەزیری دەرەوەی عێراق لە لایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە متمانەی پێبەخشرا.
بە ئامادەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنەکە سازکرا و لەمیانیدا دەنگی لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی مستەفا كازمی دا.
لە دانیشتنەكەدا، دوو بەربژێری کورد بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران متمانەیان پێبەخشرا.
هەریەک لە فوئاد حوسێن بۆ وەزیری دەرەوە و حاکم سالارعەبدلستار وەک وەزیری داد دەنگیان پێدرا.
هاوکات هەریەکە لە ئیحسان عەبدولجەبار بۆ وەزیری نەوت، محەمەد كەریم جاسم ساڵح بۆ وەزیری كشتوكاڵ، عەلا ئەحمەد حەسەن بۆ وەزیری بازرگانی، حەسەن نازم بۆ پۆستی وەزیری رۆشنبیری، ئیڤان فائق بۆ وەزیری كۆچ و كۆچبەران دەنگی متمانەیان پێ بەخشرا.
بەمەش حكوومەتە ٢٢ وەزارییەکەی مستەفا كازمی تەواو كرا و سەرجەم وەزیرەكان متمانەیان پێ بەخشرا.