Zana Natık Kerem
24 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
ئەمڕۆ شەممە، دانیشتنی ژمارە (12)ی ئاسایی وەرزی یەكەمی یاسادانان بۆ ساڵی سێیەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە وەرزی نوێی یاسادانان بەڕێوەدەچێت كە لە میانیدا خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ 13 پڕۆژەیاسا دەكرێت كە گرنگترینیان تەواوكردنی بازنەی هەڵبژاردن لە یاسای هەڵبژادنەكان.
بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە دانیشتنی ژمارە (12) ئاسایی وەرزی یەكەمی یاسادانان بۆ ساڵی سێیەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە وەرزی نوێی یاسادانان بەڕێوەدەچێت.
ئاماژە بەوەیشدراوە كە لە میانی دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەنگ لەسەر تەواوكردنی بازنەی هەڵبژاردن لە یاسای هەڵبژاردنەكان دەدەرێت.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو كە هەر لە میانی دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بە ئەندامبوونی كۆماری عێراق لە رێككەوتننامەی كاری دەریایی بۆ ساڵی 2006 دەدرێت، جگە لەوەیش دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بە ئەندامبوونی كۆماری عێراق لە رێككەوتننامەی ناسنامەی بەڵگەی دەریاوانیی بۆ ساڵی 2003 دەدرێت.
باس لەوەشكراوە كە هەر لە میانی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی بۆ یاسای سندوقی پاڵپشتیی بەشە ناوخۆییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ساڵی 2012 دەدرێت و هەروەها دەنگ لەسەر پێشنیازە یاسای هەمواری یەكەم بۆ یاسای دەستەی عێراقی بۆ متمانەدان ژمارە (78) بۆ ساڵی 2017 دەدرێت.
بەپێی راگەیەندراوەكە، هەر لە میانی دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازە یاسای بە ئەندامبوونی كۆماری عێراق لە رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی هێڵی بار و جگە لەوەیش خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بە ئەندامبوونی كۆماری عێراق لە رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ گەڕان و رزگاركردنی دەریاوانیی بۆ ساڵی 1979 دەكرێت.
ئەوەیش خراوەتەڕوو كە هەر لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای كۆلێژی هێزی ئاسمانیی دەكرێت و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای بە ئەندامبوونی كۆماری عێراق لە رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ ئامادەبوون و بەرپەرچدانەوە و هاوكاری لە گۆڕەپاتی پیسبوونی رۆن دەكرێت.
ئاماژە بەوەیشدراوە كە هەر لە میانی دانیشتنەكەدا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە (127) بۆ ساڵی 1981، یاسای پەسەندنكردنی كاری عەرەبی ژمارە (10) بۆ ساڵی 1979 دەكرێت.
لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەشكراوە كە لە میانی دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازە یاسای هەمواری یەكەم بۆ یاسای ناوەندی پلاندنانی شارستانیی و هەرێمیی ژمارە (116) بۆ ساڵی 1971 دەكرێت و جگە لەوەیش خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزدی دەكرێت.
بەپێی راگەیەندراوەكە، دانیشتنەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە دەست پێ دەكات.