عێراق

کازمی: "گەندەڵکاران بە ملیاران دۆلاریان بردووەتە دەرەوەی وڵات"

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئاشکرای کرد کە گەندەڵکاران لە پێش و دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە، بە ملیاران دۆلاریان بردووەتە دەرەوەی وڵات و راشیگەیاند، کار دەکەن بۆ گێڕانەوەی سەرجەم ئەو پارانەی کە براونەتە دەرەوەی عێراق.

Sarmand Hameed  | 16.09.2021 - نوێکردنەوە : 17.09.2021
کازمی: "گەندەڵکاران بە ملیاران دۆلاریان بردووەتە دەرەوەی وڵات"

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئاشکرای کرد کە گەندەڵکاران لە پێش و دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە، بە ملیاران دۆلاریان بردووەتە دەرەوەی وڵات و راشیگەیاند، کار دەکەن بۆ گێڕانەوەی سەرجەم ئەو پارانەی کە براونەتە دەرەوەی عێراق.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا کە دوای کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاویکردەوە، تیایدا ناوەڕۆکی ئەو گوتەیەی ئاشکرا کردووە کە مستەفا کازمی لە میانی کۆبوونەوەکەدا پێشکەشکی کردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، مستەفا کازمی باسی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت و رایگەیاندووە: "تەنها سێ هەفتە ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، سەرجەم پێدوایستییەکانی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەمان دەستەبەر کردووە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "لە کۆبوونەوەی نائاسایی رۆژی شەممەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیران زنجیرەیەک رێکاری گرنگمان بۆ پشتیوانیکردنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان پەسەندکرد، سەرجەم پێداویستییەکانی کۆمیسیۆنمان لە بوارەکانی لۆجستیی و ئەمنیی دەستەبەرکردووە".

کازمی راشیگەیاند "حکوومەت سەرجەم پابەندییەکانی بۆ پشتیوانیکردنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان جێبەجێ کردووە، وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیارییکرد و کەشی پێویستی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە رەخساند".

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد کە هاونی هاووڵاتییان بدەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان بە ئامانجی گەیشتن بە چاکسازیی سیاسیی و ئیداریی گوتی: "گەل و وڵات شایستەی ئەو چاکسازییانەن".

مستەفا کازمی باسی پەیماننامەی رەفتاری ھەڵبژاردنی کرد کە لەپێناو پاراستنی پاک و بێگەردی دەنگدان و مسۆگەرکردنی ھەلی یەکسان بۆ کاندیدەکان لەلایەن سەرکردە و نوێنەری ھێزە سیاسییەکانی عێراقەوە واژوو کرا و گوتی: "دوێنێ ئامادەی راگەیاندنی پەیماننامەی نیشتمانیی رەفتاری ھەڵبژاردن بووین، ئەمە بەڵگەنامەی ویژدانە و لەپێناو رێکخستنی رێڕەوی پرۆسەی هەڵبژاردن دانراوە".

گوتیشی: "ئەم بەڵگەنامەیە پەیمانی شەرفە، سەرجەم هێزە سیاسییەکان و کاندیدان پابەند دەکات بە ئەنجامنەدانی هەر کارێک کە کاریگەری نەرێنی بکاتە سەر بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردن".

کازمی راشیگەیاند، عێراقییەکان بە هەڵبژاردنی کاندیدی شیاو ژیانێکی نوێی بێ گەندەڵی و گەندەڵکاران دەست پێدەکەن، و گوتی: "هەر پرۆژەیەک لە گەندەڵیی تیادانەبێت ئەوا دەبێتە دڵنیایی بۆ گەلان".

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بۆ گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەکانی عێراقی کرد و گوتی: "جیددییەتی عەرەبی و نێودوەڵەتییمان بەدی کرد بۆ کارکردن و یارمەتیدانی عێراق بۆ گیڕانەوەی ئەو پارانە".

گوتیشی: "گەندەڵکاران لە پێش و دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە، بە ملیاران دۆلاریان بردووەتە دەرەوەی وڵات، ئەمە مافێکە لە مافەکانی عێراقییەکان، تەواوی ئەو مافانە دەگێڕینەوە".

کازم هەڕەشەی ئەوەی لە گەندەڵکاران کرد کە سەرجەم ئەو کەسانەی کە پارەی گەلی عێراقیان بردووەتە دەرەوە رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکرێنەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە سەردانەکەی چەند رۆژی رابردووی بۆ ئێران کرد و گوتی: "چەند رۆژێک لەمەوبەر سەردانی ئێرانمان کرد و لەگەڵ سەرکۆماری ئێران، بەڕێز ئیبراهیم رەئیسی و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەو وڵاتە کۆبووینەوە، گفتوگۆکانمان بەرهەمداربوون".

گوتیشی: "پەیوەندی مێژویی و بەهێزمان لەسەرجەم بوارەکان لەگەڵ ئێراندا هەیە، رێکەوتین لەسەر فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووریی لەنێوان هەردوو وڵاتدا".

لە کۆتایی قسەکانیدا کازمی جارێکی دیکە باسی لە گرنگی هەڵبژاردنی پێشوەختە کرد و رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە چارەنوسسازە و هیوادارین چارەنووسی دەوڵەتی عێراق بەرەو باشتر ببات.

بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەی بۆ دیارییکردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بەڕێوەبچێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın