Rewa Mahmood Hasan
17 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2021
هەڵەبجە - AA
شاندێکی بازرگانی کەبەمەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بازرگانانی هەرێم ماوەی پێنج رۆژە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، گەیشتنە شاری هەڵەبجە و لەلایەن پارێزگاری شارەکە، ئازاد تۆفیق و چەند بەرپرسێکی دیکە و بازرگانانەوە پێشوازییان لێکرا.
ئەمرۆ ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢١ بە بەشداری زیاتر لە ٥٠ خاوەنکاری تورکیا، شاندێکی بازرگانی وڵاتی تورکیا سەردانی شاری هەڵەبجەیان کرد.
سەرەتا شاندە بازرگانییەکە سەردانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەیان کرد و لەنزیکەوە شایەتی ئەو زوڵم و زۆرانە بوون کەبەسەر خەڵکی ناوچەکەدا هاتوون و ژمارەیەک لە ئامادەبووان و بازرگانانی تورکیا، لەکاتی گوێبیست بوونی گێرانەوەکان و چیرۆکەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە کە بەدەستی رژێمی بەعسی رووخا لە عێراق ئەنجام درابوو، فرمێسک بەچاویاندا دەهاتە خوار.
بازرگانەکان کە پێکهاتبوون لە زیاتر لە ٥٠ خاوەن کار و پرۆژە و کارگە، لەلایەن پارێزگارەوە بەخێرهاتنیان کراو چەندین بەشی جیاجیای مۆنۆمێنتەکەیان بەسەر کردەوە.
بەشێکی زۆریان لەگەڵ یادەوەرییە تاڵەکانی هەڵەبجە لەکاتی کیمیابارانەکەدا، وێنەی یادگارییان دەگرت.