Zana Natık Kerem
05 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2023
ھەولێر – AA
ھێزەکانی سەربە فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک، ٢٤ کەسی بیانییان دەستگیر کرد کە لەناو تانکەرێکدا خۆیان حەشاردابوو و ھەوڵیاندەدا بە نایاسایی بچنە پارێزگای سەڵاحەددین.
فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانی سەربە ھۆبەی بازگەکان لە فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک بە ھەمانگی لەگەڵ ھێزەکانی سەربە بەشی کاروباری ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای کەرکووک لە بازگەی شەھیدان، ٢٤ کەسی بیانییان دەستگیرکردووە.

روونیشی کردووەتەوە کە دەستگیرکراوەکان، لەناو تانکەرێکدا خۆیان حەشاردابوو و ھەوڵیاندەدا بە نایاسایی لە بازگەکەوە ببپەڕنەوە.
راشیگەیاندووە کە دەستگیرکراوەکان دوای ئەوەی لەناو تانکەرەکەدا دەرھێنران، پشکنینیان بۆ کراوە و دەرکەوتووە رەوشی تەندروستییان باشە.
لای خۆیەوە گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، موقەدەم عامر شوانی لە لێدوانیکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە کە دەستگیرکراوەکان، ھەڵگری رەگەنامەی بەنگلادیش-ن و ھەوڵیاندابوو لە پارێزگای کەرکووکەوە بە نایاسایی بچنە پارێزگای سەڵاحەددین.
