Heman Hussein Yaseen
05 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2023
هەولێر - AA
سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، پێشەوا تاھیر ھەورامی وەک گوتەبێژی فەرمیی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناساند.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل و گوتەبێژی فەرمیی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشەوا تاھیر ھەورامی تیشکیان خستە سەر گۆڕانکارییەکان لە پۆستی گوتەبێژیی حکوومەتدا.
جووتیار عادل لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "بەھۆی فراوانبوونی کارەکانمانەوە لە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی، پێشنیازم بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بەرزکردەوە بۆ ئەوەی گوتەبێژێکی نوێ بۆ حکوومەت دەست نیشان بکرێت، بە خۆشحاڵییەوە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕی و دواتریش پێشەوا تاھیر هەورامی وەک گوتەبێژی فەرمیی نوێی حکوومەتی ھەرێم دەست نیشان کرا".
ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا پێشەوا تاھیر گوتی: "دەمانەوێت پەیوەندییەکی باش و توندوتۆڵمان لەگەڵ میدیا لەسەر بنەمای گواستنەوەی ھەواڵ بەشێوەیەکی دروست ھەبێت، ھەروەھا کارەکەی ئێمە لەگەڵ کاری ئێوە پێکەوە تەواوکەری یەکترن، بۆیە دەمانەوێت لەگەڵ ئێوە نزیکیمان زیاتر بێت و بتوانین پێکەوە ئەو کاتەی کە ماوە بەشێوەیەکی ھاوسەنگ لە خزمەت ئەو پەیام و ھەواڵانە بین کە پەیوەندییان بە خەڵکی کوردستانەوە ھەیە و بتوانین کار و بەرنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە خزمەتکردنی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە، بیکەین".
پێشەوا تاهیر هەورامی لەدایکبووی ساڵی ١٩٩١ی پارێزگای هەڵەبجەیە و دەرچووی کۆلیژی هونەرە جوانەکان سەربە زانکۆی سەڵاحەددینە، پێشتر وەک میدیاکارێک لە شاشەکانەوە دەرکەوت و دواتریش لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە پەرلەمانتار و چەند رۆژێک بەرلە ئێستاش بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی لەبارەی نادەستووریبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، دەستیان لەکاری پەرلەمانیی هەڵگرت.