Zana Natık Kerem
05 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2023
ھەولێر – AA
گوتەبێژی سەربازیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیوا یەحیا رەسوڵ رایگەیاند کە بە فەرمانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سوودانی گۆڕانکاری لە ژمارەیەک دامەزراوە ئەمنییدا کراوە.
لیوا یەحیا رەسوڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە ئامانج لە ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکان ئەوەیە کە دەرفەتی باش بە فەرماندە ئەمنییەکانی دیکە بدرێت لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنییدا، ئەوەیش بە ئامانجی پتەوترکردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچە جیاجیاکانیدا.
رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمیی، ئەو گۆڕانکارییانەی کە بە فەرمانی محەمەد شیاع سوودانی لە ژمارەیەک دامەزراوەی ئەمنییدا کراوە، بڵاوکردەوە.
بەپێی گۆڕانکارییەکان، کۆتایی بە ئەرکی حەمید شەتری لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ھێنراوە و لە شوێنی ئەو ئەبو عەلی بەسری وەک سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەستبەکار بووە.
ھەروەھا لەچوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا، ئەرکی فالح عیساوی لە پۆستی بریکاریی دووەمی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی کۆتایی پێ ھێنراوە و لە شوێنی ئەو موسەننا عوبێدی دانراوە.
ھەر لەچوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا، کۆتایی بە ئەرکی ماجد دلێمی لە پۆستی سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی ھێنراوە و لە شوێنی ئەو وەقاس محەمەد دانراوە.
لەچوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا، حەمید شەتری و ماجد دلێمی گواستراونەتەوە بۆ راوێژکارییەتی ئاسایشی نەتەوەیی.