Zana Natık Kerem
05 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2023
ھەولێر – AA
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر کە پێشتر بە ٤٠٠ گرام ماددەی کریستاڵ دەستگیرکرابوو، سزای زیندانیکردنی ھەتاھەتایی بۆ دەرکراوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دادگای تاوانەکانی نەجەف، سزای زیندانیکردنی ھەتاھەتایی بۆ بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر بە تاوانی بازرگانیکردن و فرۆشتی ماددەی ھۆشبەر لە جۆری کریستاڵ دەکردووە.
راشیگەیاندووە، ئەو کەسەی کە بە زیندانیکردنی ھەتاھەتایی سزادراوە، پێشتر بە ٤٠٠ گرام ماددەی کریستاڵ دەستگیرکرابوو.
باسی لەوەیش کردووە کە سزاکە، بەپێی ماددەی ٢٨ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەر و کارتێکارە عەقڵییەکان ژمارە (٥٠) بۆ ساڵی ٢٠١٧ دەرکراوە.
لە ماددەی ٢٨ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەر و کارتێکارە عەقڵییەکاندا ئاماژە بەوەکراوە، ھەر کەسێک لە عێراق، بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەرەوە بکات، ئەوا بە لەسێدارەدان یان زیندانیکردنی ھەتاھەتایی سزا دەدرێت.