Zana Natık Kerem
05 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت رایگەیاند کە ئاگادارن لەوەی ئێستا چی لە شنگال دەگوزەرێت و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە ھەر کاندیدێک ئازادە کە دەیەوێت بە ئامانجی بانگەشەکردن بچێت بۆ کام شوێن.
جێنین ھێنیس پلاسخارت لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی ئەم مانگە گوتی: "پێنج رۆژ ماوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان، لێرەوە جەخت لەسەر بانگەوازەکەی مەرجەعی باڵای ئایینی، عەلی سیستانی دەکەینەوە لەبارەی گرنگیی بەشداریکردنی عێراقییەکان لە پڕۆسەکەدا، چونکە ھەڵبژاردنەکان ئەو بەرەنگارییانەی کە بەرەوڕووی عێراقییەکان بووەتەوە چارەسەر دەکات لەوانە؛ قەیرانی ئابووریی".
راشیگەیاند کە نەتەوە یەکگرتووەکان بێ ئاگا نییە لە مەترسی و بەرەنگارییەکان لە عێراق و بەردەوام ھاوبەشی عێراقییەکان دەبێت و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارە جیاواز دەبێت لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق باسی لەوەش کرد کە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق تەواوی ھەوڵەکانیان بە ئامانجی پاراستنی بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان لە رۆژی ھەڵبژاردنەکاندا، خستووەتەگەڕ و گوتی: "ھاوکار دەبێن بۆ بەرگرتن لە ئەنجامدانی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی ئەم مانگە".
جێنین ھێنیس پلاسخارت سەبارەت بە رەوشی شنگال گوتی: "ئاگادارین لەوەی ئێستا چی لە شنگال دەگوزەرێت و ھەر کاندیدێکیش ئازادە کە بە ئامانجی بانگەشەکردن، دەیەوێت بچێت بۆ کام شوێن و دەسەڵاتداران بەدواداچوون دەکەن بۆ ئەو کەسانەی کە زیان بە کاندیدەکان دەگەیەنن".
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی ئەو دەنگدەرانەی کە کارتی بایۆمەتریان وەرنگرتووەتەوە، ئەوا ناتوانن دەنگ بدەن و گوتی: "ھەر کارتێکی دەنگدان کە وەرنەگێراوەتەوە، ناتواندرێت بۆ دەنگدان بەکاربھێندرێت".
جێنین ھێنیس پلاسخارت باسی لەوەیش کرد کە ٩٠٠ چاودێری نێودەوڵەتیی لە پێناو چاودێریکردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان لە عێراقن و گوتی: "تیمی چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێرکردنی پڕۆسەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەکانی عێراقدا لە پارێزگاکانی بەغدا، ھەولێر، کەرکووک، نەینەوا و بەسرە بڵاودەکرێتەوە".