ههولێر - AA
لەمیانی دوو رۆژی رابردوودا، ٥٩ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە شاری ھەولێر تۆمارکراون و وەزیری تەندروستییش ھۆشداری دا لە دروستبوونی کارەساتی مرۆیی، هەروەها جێبەجێکردنی پلانی "C"ی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە راگەیاند.
دوێنێ یەکشەممە، ١٨ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکران و دوای ئەوەش وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی جێبەجێکردنی پلانی Cی راگەیاند و گەورەترین نەخۆشخانەی شاری ھەولێر بۆ تووشبوانی ڤایرۆسەکە تەرخانکرا، بەھۆی ئەوەی کە دوو نەخۆشخانەی دیکە لە ھەولێر پڕبوون لە نەخۆش و بەمھۆیەوەش نەخۆشخانەی رزگاری ئامادەکراوە بۆ تووشبووان.
- پرسەیەک لە گەڕەکی کارێزان تووشبوویەکی زۆری کۆرۆنای لێکەوتەوە
یەکێک لە ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لە ھەولێر، دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەچوونی پرسەیەک لە گەڕەکی کارێزان کە سەرەڕای راگەیاندنی قەدەغەکردنی هەر چەشنە کۆڕ و کۆبوونەوەی هاووڵاتیان و بڕیاری لێژنەی فەتوای هەرێمی کوردستان، بەڵام خەڵێکی زۆر بەشداری پرسەکەی کردبوو و بەمھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لەوانەی بەشدارییان لە پرسەکەدا کردبوو، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
بەرێوەچوونی ئەو پرسەیە لە کاتێکدایە کە لە رۆژی ٣ی ئاداری ئەمساڵ وەک هەنگاوێک بۆ رووبهڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە فەتوایەکدا رایگەیاند: ''پێویستە تا ئەو ماوەیەی ئەو بابەتە کۆتایی دێت، هەموو گردبوونەوەی پرسە و بووك گواستنەوە و تەواوی کۆبوونەوەکانی بۆنە کۆمەڵایەتی و هونەری و تەواوی بوارەکانی دیکە سنووردار بکرێن''.
دواتریش حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا سەرجەم رێوڕەسمە ئاینییەکان لە (مزگەوت، کڵێسا و پەرستگاکان) بە گوتاری ھەینی مزگەوتەکانیشەوە، لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ھەتا کاتێکی نادیار رابگیرێت.
دەگوترێت بەشداربووانی پرسەکە لە گەڕەکە جیاجیاکانی هەولێرهوه هاتوون و هەر بۆیەش ترس و دڵەڕاوکێ لای بەرپرسانی شارەکە لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستکردووە.
- رێکارەکانی تەندروستی لە گەڕەکی کارێزان گیرایەوە بەر
بۆ ئەم مەبەستە گەڕەکی کارێزان لە هەولێر بووە ئامانجی تیمەکانی تەندروستی و پشکنینی ماڵ بە ماڵ دەستی پێکرد و سەرئەنجام ئەمڕۆ دووشەممەش، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ٤١ تووشبووی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ راگەیاند کە زۆرینەیان بەرکەوتەی پرسەکەی گەڕەکی کارێزان بوون و دوای ئەوەش وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی ھۆشداری دا و راگەیاند کە ھەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسییەکی گەورە و کارەساتی مرۆیی دایە.
ئەو راگەیاندنەی وەزیری تەندروستیی دوای ئەوە دێت کە لەمیانی دوو رۆژی رابردوودا، ٥٩ حاڵەتی تووشبوون لە ھەولێر راگەیەندرا و زۆرینەی تووشبووان بەشدارییان لە پرسەیەکدا کردبوو لە گەڕەکی کارێزان.
دوێنێ یەکشەممە، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی رایگەیاند کە، حاڵەتەکانی تووشبووان لە پرسەیەکی گەڕەکی کارێزانی شاری ھەولێر گەیشتووتە ٣٢ کەس و ئەمڕۆش لە کۆی ٤١ کەس، ٣٩ کەسیان بەرکەوتەی پرسەکەی گەڕەکی کارێزانن و بەم پێیەش کۆی تووشبووانی پرسەکەی گەڕەکی کارێزان گەیشتووەته ٧١ کەس.
بە پێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی تووشبوانەکە خەڵکی هەریەک لە گەڕەکەکانی، کانی گەنی، ئاڵتون سیتی، شێخ ئهحمهد، کارێزان، زانکۆ، چنار، مامۆستایان، ١٢١ی گوڵان، ژیان و زیلان سیتی لە هەولێر بوون و ئەوەش ئەو گومانانە پشتڕاست دەکاتەوە کە ڤایرۆسەکە لە گەڕەکەکانی هەولێر بڵاوبۆتەوە و پێویست بە رێکاری نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەکات.
- حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێوشوێنی یاسایی دژ بە خاوەن پرسەکە دەگرێتە بەر
هاوکات جێگری پارێزگاری ھەولێر و گوتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگاکە، ھێمن قادر بۆ میدیا خۆجێییەکان راگەیاندبوو کە لە رێگای داواکاری گشتییەوە سکاڵا لەسەر خاوەن پرسەکە تۆمار دەکرێت.
دواتریش گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی ھەولێر، موسا بژار بانگەوازێکی بڵاوکردەوە تیاییدا داوای لەو ھاووڵاتییانە کرد کە سەردانی پرسەکەی گەڕەکی کارێزان-یان کردووە بەزووترین کات سەردانی سەنتەری چارەسەری کۆرۆنا (فریاکەوتنی ناوند) بکەن یاخود پەیوەندی بەتیمەکانی فریاگوزاری ۱۲۲ بکەن بەمەبەستی دڵنیابوون و ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی تایبەت بۆ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا.
- قەدەغەی هاتوچۆ لە سەرانسەری هەرێم توندتر لە جاران راگەیەندرا
رۆژی سێی مانگ، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قەدەغەکردنی ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل و پیادەی لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر بەیەکجاری راگەیاند و ئەوەش سەرەرای ئەوەی کە پێشتریش قەدەغەی هاتوچۆ بەڕێوەدەچوو بەڵام ئەمجارە رێگەپێدانەکان هەموو هەڵوەشێدرایەوە و ئەوەش بە ئاشکرا پەرۆشی بەرپرسانی هەرێمی بۆ تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە و لەدەست دەرچوونی دۆخەکەی دەسەلماند.
وەزارەت ناوخۆ هەروها ئەمڕۆش جەختی لەوە کردەوە کە تا راگەیەندراوی دووهەم قەدەغەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رێنمایی نوێ رابگەیەنێت.
- دوا ئاماری تووشبوان لە هەرێمی کوردستان رووی لە هەڵکشانە
تا ئێستا کۆی تووشبووان لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە، ٢٧٧ کەس و لەو ژمارەیەش، ١٣٣ لە ھەولێر، ١١٣ لە سلێمانی، ١٢ لە دھۆک و ١٩ لە ھەڵەبجە و سێ حاڵەتی گیانلەدەستدانیش ھەبووە.
ژمارەی ئەو کەسانەیشی کە چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانیان بریتیین لە؛ ٨٧ کەس و لەو ژمارەیەش ٦٢ کەس لە سلێمانی، ١٩ کەس لە ھەولێر و شەش کەس لە دھۆک.
کۆی ئەو کەسانەیشی کە لە نەخۆشخانەکان چارەسەری وەردەگرن بریتیین لە ١٨٧ کەس.
news_share_descriptionsubscription_contact



