Zana Natık Kerem
23 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2023
ھەولێر – AA
وەزیری دەرەوەی یەمەن ئەحمەد عەوەز بن موبارەک دوێنێ ئێوارە بۆ سەردانێکی چوار رۆژە گەیشتە بەغدا و ئەمڕۆش دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا.
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، عێراق پاڵپشتی لە ھەر ھەوڵێک سیاسیی دەکات کە بۆ بەدیھێنانی سەقامگیریی لە یەمەن بخرێتەگەڕ.
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەیشدا کە عێراق ئامادەیە ببێت بە بەشێک لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە ناوچەکە و گوتی: "ھەوڵدەدین شاندێک رەوانەی یەمەن بکەین، بۆ ئەوەی بەدوادچوون بۆ رەوشی رەوەندی عێراقی لەو وڵاتە بکەن".
فوئاد حوسێن باسی لەوەیشکرد کە عێراق ھیوادارە، دووبارە باڵیۆزخانەکەی لە سەنعا بکاتەوە و رایگەیاند کە سەقامگیری ئابووریی لە یەمەن، بە ئەنجامدانی گفتوگۆ بەدی دێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن راشیگەیاند کە بەدواداچوون بۆ پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران دەکەن و گوتی: "بوونی پەیوەندییەکی باش لەنێوان سعوودیە و ئێران، دەبێتە مایەی پتەوترکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکە".
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی یەمەن، ئەحمەد عەوەز بن موبارەک رایگەیاند کە پەیوەندییەکی مێژووییان لەگەڵ عێراقدا ھەیە و گوتی: "ئامانج لەسەردانەکەم بۆ عێراق، پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتە".
ئەحمەد عەوەز بن موبارەک ئاماژەی بەوەیشدا کە عێراق، رۆڵێکی ئەرێنی لە رێککەوتنی ئاگربەست لە یەمەن گێڕاوە و گوتی: "یاداشتنامەیەکی تایبەتمان بە راوێژی سیاسیی لەگەڵ عێراق واژوو کردووە".
دوێنێ شەممە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدابوو کە وەزیری دەرەوەی یەمەن، ئەحمەد عەوەز بن موبارەک سەردانی بەغدا دەکات و سەردانەکەیش چوار رۆژ دەخایەنێت.