Hemn Baban
10 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2019
ھەولێر - AA
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ٢٣ وەزارەت پێکدێت، پێکھاتەی کریستیان وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەیە و پێکھاتەی تورکمانیش وەزیری ھەرێمیان ھەیە کە پشکی بەرەی تورکمانیی عێراقە.
لە دانیشتنی ژمارە ١٣ی ئەمڕۆی ئاسایی پەرلەمانی کوردستان متمانە بەخشرایە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و جێگرەکەی قوباد تاڵەبانی و وەزیرەکانی کابینەکە.
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم کە لە ٢٣ وەزارەت پێکدێت (٢٠ وەزارەتی فیعلی و سێ وەزیری ھەرێم) ھەیە، لەنێو پێکھاتەکەی کابینەکەدا دوو وەزیری پێکھاتەکانی کریستیان و تورکمان ھەیە.
وەزیری ھەرێم، ئایدن مەعروف سەلیم بەھەردوو زمانی تورکمانی و زمانی کوردی لەبەردەم پەرلەمانتاران سوێندەکەی خوارد، مەعروف کە پێشتر سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی بوو لە پەرلەمانی کوردستان، ئێستا بەفەرمی وەزیرە لە کابینەی نۆیەم.
لە لایەکی دیکەوە وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستان، ئانۆ جەوھەر لە پشکی کریستیانەکان جگە لەوەی سوێندی بە"ئینجیل"ێکی کۆنی تەمەن ٥٠٠ ساڵە خوارد، بە ھەردوو زمانی سریانی و کوردی سوێندی خوارد.