Hemn Baban
21 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2018
هەولێر - AA
توركمانەكان گلەییان لە سەركردایەتیی سیاسی هەرێم هەیە لەوەی کە لە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم هیچ نوێنەرێكی ئەوان نەبووە و نییە.
توركمان و كریستیانەكانی هەرێم پڕۆژەیەكیان داوەتە نوێنەرانیان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی لە كاتی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان مافی ڤیتۆیان بۆ دەستەبەر بكرێت لەو بڕیارانەی كە پەیوەندیی بە "بەڕێوەبردنی وڵات، پرسە چارەنووسسازەكان و پرسی تایبەت بە پێكهاتەكان هەبێت".
لەوبارەیەوە سەرۆكی فراكسیۆنی هەولێری توركمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، عیماد رەفعەت لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەك پێكهاتەی توركمان داوامان كردووە یاسای ژمارە پێنجی تایبەت بە پێكهاتەكان هەموار بكرێتەوە، لەو هەمواركردنەدا ئێمە دەمانەوێت و داوامانكردووە كە ڤیتۆمان هەبێت لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگا و حكوومەت، چونكە ئێمە مافمان پێدراوە، واتە كورسیی كۆتامان بۆ دیاریكراوە، بەڵام تا رادەیەكە ئەو مافە و تەواو نییە، ئەوەش بە هۆی كەمیی كورسییەكانمانەوە، بۆ نموونە ئێمە وەكو پێكهاتەی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان پێنج كورسییمان هەیە و بەو ژمارەیە ناتوانیین هیچ بكەین لە 111 كورسی پەرلەمان. لە ئەنجوومەنی پارێزگا سێ كورسییمان لە كۆی 30 كورسی و ناتوانین هیچ پڕۆژە یان پێشنیازێك پێشكەش بكەین، بۆیە داوای مافی ڤیتۆمان كردووە لە مەسەلە چارەنووسسازەكان و لەو بڕیارانەی تایبەت بە پێكهاتەكان و بەڕێوەبردنی وڵاتەوە هەیە، هەرچی كاتێك ڤیتۆمان هەبوو دەكاتە ئەوەی ئێمە بەشدارین لە بەڕێوەبردنی وڵات و بەشدارین لەو بڕیارانەی دەدرێت".
لەدرێژەی قسەكانیدا ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "بۆیە داوامان كردووە لەكاتی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كە چەند لایەنێك بەنیازن هەمواری بكەنەوە و لیستی داخراو پەیڕەو بكرێت، وەكو پێكهاتەی توركمان و مەسیحی مافی ڤیتۆمان هەبێت لەو دامەزراوانەی وڵات بەڕێوەدەبەن، چونكە تۆ بە یەک نوێنەر یان چەند نوێنەرێكی كەم ناتوانیت هیچ بكەیت بەرامبەر بەوانی دیكە".
هەروەها گوتیشی: "ئێمە وەكو پێكهاتەی توركمان و مەسیحی ئەو داوایەمان كردووە، هەروەها داوامان كردووە وەكو كەمینە ناومان نەهێنرێت، بەڵكو وەكو نەتەوە و پێكهاتە ناوبهێنرێت، چونكە ئەگەر یەك كەسیش هەبێت تەنها هەر بە نەتەوە حسابە".
سەبارەت بە قۆناغەكانی پڕۆژەكەش ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر روونی دەكاتەوە "ئەو پڕۆژەمان ئامادەكردووە و داومانە بە نوێنەرانمان لە پەرلەمان و داوامان كردووە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بیخاتە بەرنامەی كار و لەكاتی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان ئەو كات ئەو داوایەی ئێمە رەچاو بكرێت".
لەدرێژەی لێدوانەكەیدا سەرۆكی فراكسیۆنی هەولێری توركمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، عیماد رەفعەت رەخنەی ئەوەشی گرت كە ئەوان وەكو پێكهاتەی توركمان و مەسیحیش بەتایبەت تورکمان هیچ نوێنەرێكیان لە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم نییە و گوتی: "ئێمە گلەییمان هەیە و نیگەرانیین لەوەی لەدوای راپەڕینەوە لەوەتی هەرێمی كوردستان ئازادكراوە لە هیچ سەرۆكایەتییەك نوێنەری ئێمە نییە، نە لە سەرۆكایەتی هەرێم، نە لە سەرۆكایەتی حكوومەت، نە لە سەرۆكایەتی پەرلەمان، ئێمە نەتەوەیەكی رەسەنی ئەم وڵاتەین، ئەگەر بمانەوێت دیموكراسییەت بچەسپێیت و رووی خۆمان وەكو ئاوێنەیەكی جوان نیشانی وڵاتانی دەرەوە بدەین دەبێت مافی پێكهاتەكان بپارێزرێت و لەو سەرۆكایەتییانەی كە پۆستی سیادیین نوێنەری پێكهاتەكان هەبن".
لە كۆتایی قسەكانیدا باسی لەوەشكرد كە هێشتا سەرژمێرییەکی فەرمی لەبارەی ژمارەی دانیشتووانی توركمان لە هەرێمی كوردستاندا نییە، گوتیشی: "داوامان كردووە سەرژمێری بكرێت".