Sarmand Hameed
17 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و بەشداریی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە کۆبووەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی رێکخستنەوەی خەرجییەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو توانا و بوودجەیە کراوە کە ئێستا لە بەردەستی وەزارەتی دارایی وئابووریدایە بە مەرجی پاراستنی مافی مووچەخۆرانی ئاسایی شایستە.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردووەتەوە لە بەردەوامبوونی کەمکردنەوەی مووچەی خاوەن پلە تایبەتەکان و ئەوانەشی بەو پلانە خانەنشین بوون کە لە کۆبوونەوەکانی پێشوو بڕیاریان لەسەردرا، لهوبارەیەوە کۆبوونەوەکانیش تا رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەردەوامدەبن.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا و ئاو بە لێخۆشبوونی لەسەدا ١٥ تا ١ی ئهیلوولی ٢٠٢٠، درێژبکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دانوستانەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی تاوتوێکراوە و بڕیاردراوە، هەفتەی داهاتوو شاندی حکوومەتی هەرێم بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان سەردانی بەغدا بکات بە ئاراستەی برەودان بەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشانەی پێشتر هەردوولا پێی گەیشتبوون بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەرامبەر پابەندییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا.