Rewa Mahmood Hasan
18 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2020
هەڵەبجە - AA
پارێزگاری هەڵەبجە کە سنووری لەگەڵ ئێراندا هەیە و بەو پێیەی ژمارەیەکی زیاتر ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەو وڵاتە بەربڵاوە، بەڵام کەمترین رێژەی تووشبوون لەو پارێزگایە تۆمار کراوە.
تا ئێستا ٤٨ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تۆمار کراوە و لەئێستادا، ٢١ حاڵەت لەژێر چاودێری پزیشکیدان و دۆخی تەندروستیی ژمارەیەکیان ناجێگیرە.
لە پارێزگای هەڵەبجە لە ئەنجامی گرتنەبەری رێکاری توندی تەندروستیی بەتایبەت لەسەر سنوورەکان، هاوکات پابەندبوونی زۆرێک لە هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە بە رێنماییەکان، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کەمە.
ئاژانسی ئانادۆڵو هەفپەیڤینێکی لەگەڵ بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجە، ئازاد مستەفا ئەنجامدا و وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە.
ئازاد مستەفا سەرەتا سەبارەت دۆخی ئێستای پارێزگاکە لەبارەی تووشبووانی کۆرۆناوە ئاماژەی بەوەدا کە هاوشێوەی پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان ژمارەی تووشبووان لە هەڵکشاندایە و گوتی: "هەڵکشانی دووەم لە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا پارێزگای هەڵەبجەیشی گرتووەتەوە، بەڵام ئەمجارە دۆخەکە سەختترە، حاڵەتەکە پێچەوانە بۆتەوە، پێشتر لە هەڵکشانی یەکەمدا خۆمان دەچووین رووپێویمان دەکرد و لە گەڕەک و ماڵەکاندا کەسانی تووشبوومان دەدۆزیەوە، بەڵام ئێستا خۆیان هاووڵاتییان بە نەخۆشی و بەهۆی ئازاری جەستەیانەوە دێنە نەخۆشخانەی 'وەفا' و لەوێ دوای پشکنین کە بۆمان دەردەکەوێت تووشووی کۆرۆنا بوون دەیانخەوێنین لەو نەخۆشخانەیە کە توانای لەخۆگرتنی ٦٠ نەخۆشی هەیە، واتە ئێستا سەرنج دەدەینە ئەو نەخۆشانەی کە نیشانەیان هەیە کە لە میانی ١٠ رۆژدا، ٢٢ حاڵەت داخڵ کراون لە نەخۆشخانەکەدا".
بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجە، ئازاد مستەفا سەبارەت بە ئاماری تووشبووانی کۆرۆنا لە پارێزگاکە بە نزیکەیی ئاماژە بەوەدەکات کە بەپێی ئەو داتا جیهانیانەی لەبەردەستدایە لە کۆی هەر ١٠٠ کەسێک، تەنها ٢٠یان نیشانەکەیان تیادا دەردەکەوێت، لەوانە لەسەدا ١٠ واتە ١٠ کەسیان بەقورسی دەیگرن و رێژەی مردن لەسەدا دوو دەبێت و گوتی: "بەو پێیە چاوەڕوان دەکەین کە ئێستا زیاتر لە ١٠٠ کەسی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە لەنێو خەڵکدا هەبن، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە نیشانەیان نییە، ئێمەش تەنها ئەوانە لەئەستۆ دەگرین کە نیشانەیان هەیە ئەو ژمارەیە تا ئێستا دیار نییە، چونکە ئێستا ڤایرۆسەکە لەنێو خەڵکدایە، بەڵام ژمارەکەی نەزانراوە تەنها بە خەمڵاندن دەتوانین ئەو ژمارەیە دیاری بکەین".
ئازاد مستەفا سەبارەت بە هۆکاری هەڵکشانی دووەمی ژمارەی تووشبووان دوای ئەوەی کە ماوەیەک نەخۆشیەکە لەنێو نەخۆشخانەکانی پارێزگاکانی هەرێمدا نەمان پێی وایە کە دوای نەمانی تۆمارکردنی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەڵکشانی یەکەمدا، زۆر بەخێرایی دۆخەکە هێورکرایەوە و رێکارەکان ئاسایی کرانەوە و رێنماییەکان سووکتر کران و ئەمەیشی بە هۆکاری سەرەکی سەرلەنوێ هەڵکشانەوەی ژمارەکان زانی و لەوبارەیەوە گوتی: "لە کاتێکدا ئەگەر هەبوو کە ڤایرۆسەکە لەناو خەڵکدا بێت، بەڵام زۆر بەخێرایی رەوشەکە ئاسایی کرایەوە و رێنماییەکان شلکرانەوە، هاوکات پابەندنەبوونی هاووڵاتییان بە رێنماییەکانەوە، سەرلەنوێ تێکەڵبوونی هاووڵاتییان بەیەکتر وای کرد کە هەڵکشانی دووەم دۆخەکە سەختر بێت و ژمارەیەکی زیاتریش تووشی بن، ئێستا ئەگەر بگەڕێیت بەدوای تووشبوان یان هەڵگرانی ڤایرۆسەکەدا لە هەڵەبجە ئەوا بەسەدان کەس تۆمار دەکرێت، پێشتر بەهۆی کەرەنتینەوە ڤایرۆسەکە لە ماڵان و لەنێو خێزانەکاندا قەتیس کرابوو، ترسی ئێستا لەوەیە کە خەڵکانێک بە نیشانەوە تەنها دێنە نێو نەخۆشخانەکان".
بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکات کە لەئێستادا، نەخۆشخانەیەکی ٦٥ قەرەوێڵەیی هەیە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا، لەوێ پشکنین دەکرێت و چاودێری نەخۆشەکانیش دەکرێت لەوانە ١٠ ئامێری هەناسەدانی لێیە کە تایبەتە بە تووشبووە سەختەکانی کۆرۆنا و گوتی: "١٠ قەرەوێڵەی چاودێریکردنی چڕ بۆ تووشبووانی کۆرۆنا لە هەڵەبجە کەمە، بەڵام ئەوەیش بە هەوڵ و هیممەتی خێرخوازان و بەو بوودجەیەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەرخانی کرد و لەگەڵ چەند لایەنەکی تردا توانرا ئەو نەخۆشخانەیە دروست بکرێت، ئەمە لە پاردا نەبوو، بۆیە هەرچۆنێک بێت لەئێستادا، کار لەسەر ئەوە دەکەین ئەگەر بێت و ژمارەکە زیاتر بەرەو هەڵکشان بچێت، تەنها ئەوانە وەردەگرین کە بەقورسی تووشی پەتاکە بوون. ئەوانەی تر لە ماڵەکانیاندا دەهێڵینەوە، هەوڵ دەدەین لە ماڵەکانیاندا رێنماییان پێ بدەین کە بە سووکی تووشی بوون، تاکو فشارێکی زۆرمان نەکەوێتە سەر".
ئازاد مستەفا سەبارەت بە دەوامی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیی لە نەخۆشخانەکانی هەڵەبجەدا، دوای ئەوەی کە بایکۆتی دەوام راگەیەندرا لە زۆرێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی و هەڵەبجەدا رایگەیاند کە هەوڵیان داوە کاری نەخۆشخانەکان نەوەستێت، بەتایبەت نەخۆشخانەی کۆرۆنا و لەوبارەیەوە گوتی: "فشارێکی زۆر لەسەر کارمەندانی تەندروستیی و دکتۆرە بەڕێزەکان هەیە، مووچەی کارمەندانی تەندروستیی و دکتۆرەکان نەدراوە، بەهۆی کەمی بوودجەوە نەتوانراوە کەلوپەلی تەواوی خۆپارێزیی بۆ پزیشک و کارمەندان تەرخان بکرێت و هەندێک پزیشک تووشی پەتاکەبوون، سەرەڕای ئەم هەموو فشارانە، بەڵام کارمەندان و پزیشکەکان بەردەوامن لە پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی هەرێم، ئێستا ١٥-٢٠ گەنج کە کارمەندی تەندروستیین تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ئەمە سەرەڕای ئەوەی مووچەیان پێ نەدراوە، بەڵام کاری تەندروستیی پەکی نەکەوتووە بەهەوڵی ئەو کارمەندانە کە ئەمەیش مایەی دەستخۆشی و جێگەی رێزە، پێشمەرگە ئاسا کار دەکرێت بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە رەوشێکی تەندروستیی خراپ، پێشمەرگە وڵات دەپارێزن بە خوێنیان، کارمەندانی تەندروستیی و پزیشکانیش سەرەڕای هەموو ئەو بارگرانیانە، بەردەوامن لە پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان بەتایبەت لە بەشی کۆرۆنا".
بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجە، ئازاد مستەفا ئاماژە بەوە دەکات کە بایکۆتی دەوامی کارمەندانی تەندروستیی لە هەڵەبجە زۆر کەمە و نەخۆشخانەکان کارەکانی خۆیان دەکەن بێ سڵەمینەوە و گوتی: "بەحوکمی ئەوەی ئێمە لێرە کارمەندانی تەندروستیی و پزیشکان خزمی یەکترین و کەسوکاری خۆمان دێت پێویستی پێمانە، هاوکات چەندین کارمەند و پزیشکی لەخۆبوردوو لە شوێنەکانی ترەوە هاتوون و هەڵەبجەییەکان بە کەسوکاری خۆیان دەزانن، بەردەوامن لە کارکردن، بگرە هەندێک لە پزیشکان هەن کە راژەکانیان گواستۆتەوە بۆ نەخۆشخانەی کۆرۆنا، تاکو بتوانن زیاتر خزمەت بکەن لەو بوارەدا کە ئێستا خەڵکەکە پێویستی پێیانە".