Sarmand Hameed
14 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق، دیاریيەک کە لە لایەن رێکخراوێکی خێرخوازی تورکیا دابینکراوە، بەسەر ژمارەیەک لە قوتابییانی بێ باوکدا دابەش کرا.
لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی کۆنسولی گشتیی تورکیا لە شاری مووسڵ، مەهمەت کوچوکساکاللی دیاریی بەسەر قوتابییانی بێ باوکدا دابەش کرا.

لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا، ژمارەیەک لە قوتابییانی قوتابخانەی قیدیس عەبدولئەحەد-ی سەرەتایی کچان بە نمایشی چەند چالاکییەک پێشوازییان لە میوانان کرد.
دوای دابەشکردنی دیارییەکان بەسەر قوتابییەکاندا کە بریتی بوو لە جانتا و پەراوگە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، ئیناس هیشام بەناوی کارگێڕی قوتابخانەکەوە بەخێرهاتنی میوانانی کرد و سوپاسی حکوومەتی تورکیای کرد بۆ پێدانی دیاریی بە منداڵانی بێ باوک لە قوتابخانەکەیاندا.

ئیناس هیشام وێرای ستایشی گەل و حکوومەتی تورکیا بۆ پشتیوانی بەردەوامیی لە شارەکەیان، گوتی: "لە دڵەوە سوپاس سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەم، ستایشی هەڵوێستەکانی دەکەم بە تایبەت لە پرسی پشتیوانیکردن لە گەلی سووریا و دۆزی فەڵەستین".
لای خۆیەوە کۆنسولی تورکیا لە مووسڵ، مەهمەت کوچوکساکاللی بەڵێنی ئەوەی پێدان کە ئەو داواکارییانەی بۆ قوتابخانەکە خستاینە بەردەمی، کاری لەسەر بکات و ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتی شاری مووسڵ درێخی ناکەن.
مەهمەت کوچوکساکاللی باسی لە گرنگی پرسەی پەروەردە کرد و گوتی: "خوێندن زۆر گرنگە، بەتایبەتی بۆ کچان، کاتێک لەبارەی خولیای داهاتوویان گفتوگۆم لەگەڵ قوتابییەکان کرد، ئەوان داهاتووی خۆیان دەویست، بۆیە ئەرکی هەموومان ئەو متمانەیەیان بۆ دروست بکەین تاوەکو بگەن بە خەون و ئاواتەکانیان".
قوتابخانەی قیدیس عەبدولئەحەد-ی سەرەتایی کچان کە لە ساڵی ١٩٤٠ لەلایەن وەقفی مەسیحیی لە گەڕەکی مووسڵ جیدیدە لە بەشی راستی شاری مووسڵ دروستکراوە.
لە ئێستادا قوتابخانەکە زیاتر لە ٨٧٠ قوتابی لە شەش قۆناغی خوێندن کە دابەش بوون بەسەر ١٩ پۆلدا، دەخوێنن.