Zana Natık Kerem
21 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2023
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگەدا وێڕای ھەندێ پێشکەوتن، بەڵام کێشەی جیددی لەبەردەم پرۆسەکەدا ھەن و پێویستە چارەسەر بکرێن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی کردووە لە فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، جەنەراڵ جۆول ڤاوڵ و شاندی یاوەری.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوەدراوە لە کۆبوونەوەیەکدا، دوایین پێشھاتەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی داعش لە عێراق و سووریا، پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و دوایین ھەنگاوەکانی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە و گرفتەکانی بەردەمی تاوتوێ کراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ھەم لە عێراق و ھەم لە سووریاش، دەبێت ھەموو لایەنەکان ھاوکار بن بۆ ڕێگەگرتن لە سەرھەڵدانەوەی داعش کە ھێشتا ھەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، ھەر لەمبارەیەوە ھاوڕا بوون کە دەبێت ئەوانەی لە دەستی داعش ڕزگار دەکرێن، یان کەمپەکان جێدەھێڵن، شیاندنیان بۆ بکرێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە، ھەروەھا تیشکیان خستە سەر چۆنیەتیی ڕێگریکردن لە توندڕەوی.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگەدا وێڕای ھەندێ پێشکەوتن، بەڵام کێشەی جیددی لەبەردەم پرۆسەکەدا ھەن و پێویستە چارەسەر بکرێن. لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی، پابەندیی ھەرێمی بە بەردەوامیی کارکردن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، دووپات کردووەتەوە.
ھەنگاوەکانی بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنی ھێزەکانی ئەو وەزارەتە لە چوارچێوەی ھێزێکی یەکگرتوودا، بە ئامانجی سەرەکی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە ناوچە دادەنرێت و بەردەوام جەختی لێ دەکەنەوە.