Zana Natık Kerem
21 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2023
ھەولێر – AA
لیستی یەکگرتووی بەرەی تورکمانی عێراق ڕایگەیاند لە کۆی دوو ھەزار و ٥٥٠ کەس کە بۆ پلەی دامەزرانی لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ پارێزگای کەرکووک تەرخان کراوە، تەنھا ٣٤ گەنجی تورکمان دامەزرێندراون.
لیستی یەکگرتووی بەرەی تورکمانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "ئەو سیاسەتە نادادپەروەرانە ڕەت دەکەینەوە کە وەزارەتی ناوخۆ لەچوارچێوەی گرێبەستەکانی وەزارەتەکەدا، بۆ دامەزراندنی پێکھاتەکانی تورکمان پەیڕەوی دەکات".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە کۆی دوو ھەزار و ٥٥٠ کەس کە بۆ پلەی دامەزرانی لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ پارێزگای کەرکووک تەرخان کراوە، تەنھا ٣٤ گەنجی تورکمان دامەزرێندراون و ھاتووە: "پێکھاتەکانی کەرکووک کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە و لە میانیدا لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە دامەزراندن لە سەرجەم وەزارەتەکاندا لە نێوان پێکھاتەکاندا یەکسان بێت و تەنھا بۆ خەڵکی پارێزگای کەرکووک تەرخان بکرێت".
لیستی یەکگرتووی بەرەی تورکمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسی لەوەیش کردووە: "داوا لە سەرۆکوەزیران دەکەین، دەستوەردان بکات بۆ ڕێگریکردن لەو نادادپەروەرییە، ھەروەھا پەنا بۆ ھەموو ڕێکارە دەستووری و یاساییەکان دەبەین بۆ گەڕاندنەوەی مافەکان".
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە لە کەرکووک ھیچ چارەسەرێک نابێت، ئەگەر یەکسانی لە نێوان ھەموو پێکھاتەکانی پارێزگاکەدا، بەدی نەیەت".