Zana Natık Kerem
06 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
لە کۆبوونەوەکەی نێوان پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعە، عەلی سیستانی ئەو بەرەنگارییە گەورەیەی کە لەم سەردەمەدا، بەرەوڕووی مرۆڤایەتیی بووەتەوە لەگەڵ نەماھەتیی فەڵەستینییەکان، تاوتوێ کراون.
نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعە راگەیەنراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی عەلی سیستانی لەگەڵ پاپا فرەنسیس بڵاوکردەوە کە تیایدا ھاتووە "بەیانی ئەمڕۆ سەماحەتی عەلی سیستانی لەگەڵ پاپای کڵێسای کاسۆلیکی و سەری دەوڵەتی ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس کۆبوویەوە".
بەپێی راگەیەنراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی ئەو بەرەنگارییە گەورەیە کراوە کە لەم سەردەمەدا، بەرەوڕووی مرۆڤایەتیی بووەتەوە، هەروەها رۆڵی باوەڕبوون بە پەیامەکانی خوا و پابەندبوون بە بەھا ئەخلاقییەکان بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو بەرەنگارییانەدا باسی لێوەکراوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە "لە میانی کۆبوونەوەکەدا، عەلی سیستانی باسی لەوەکردووە کە خەڵکێکی زۆر لە ژمارەیەک وڵات بەھۆی ئایین، ئازادی رادەبڕین و نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیییەوە، بەدەست ستەملێکردن، سەرکوتکاری و چەوسانەوەوە دەناڵێنن، بەتایبەتیش ژمارەیەک لە گەلانی ناوچەکەمان بەدەست شەڕ، کردەی توندوتیژیی و گەمارۆی ئابووریی، پڕۆسەکانی راگواستن دەناڵێنن بە تایبەتیش گەلی فەڵەستین لەسەر خاکەکەیان کە داگیرکراوە".
باس لەوەشکراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، مەرجەعی باڵای شیعە، عەلی سیستانی ئاماژەی بەو رۆڵە داوە کە گرنگە رابەرانی ئایینیی لە کۆتایی هێنان بە کێشە و گرفتەکان بیگێڕن و ھاتووە:
"پێویستە رابەرانی ئاینیی ھانی ھێزە زلھێزەکان بدەن لەوەی عەقڵ و ژیر زاڵکەن بەسەر زمانی شەڕدا و نابێت بەرژەوەندی خۆیان لەسەر حیسابی ژیانی ئازادی و کەرامەتی گەلاندا سەربخەن".
بەپێی راگەیەنراوەکە، عەلی سیستانی جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە ھەوڵەکان لە پێناو بەدیھێنانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە سەرجەم کۆمەڵگەکاندا چڕتربکرێنەوە و داواشی کردووە کە پەیڕەوانی سەرجەم ئایینەکان، مافەکان و رێزگرتن لەیەکتر رەچاو بکەن.
ئەوەیش خراوەتەڕوو کە عەلی سیستانی باسی لە مێژووی عێراق کردووە و رایگەیاندووە کە ئومێد دەکات لە زووترین کاتدا عێراق ئەو قەیرانە تێپەڕێنێت کە لەئێستادا بەرەوڕووی بووەتەوە و جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگی بەوە دەدات ھاووڵاتییانی مەسیحی وەک ھاووڵاتییانی دیکەی عێراق لە ئاسایش و ئاشتییدا بە ھەموو مافە دەستوورییەکەیان بژین و ئاماژەی بە رۆڵی مەرجەعییەتی ئایینی داوە کە بۆ پاراستنی ھاووڵاتییانی مەسیحی گرتووەتەبەر کە لە ساڵانی رابردوودا، بەرەوڕووی ستەم و ئازارێکی زۆر بوونەتەوە بە تایبەتیش لەو ماوەیەی کە تیرۆریستان دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری ناوچەکانی عێراقدا گرتبوو.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا باس لەوەکراوە کە لە میانی دیدارەکەدا، عەلی سیستانی خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە بەسەردانەکەی پاپا فرەنسیس بۆ شاری نەجەف.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، پاپا فرەنسیس لە دووەم رۆژی سەردانەکەی بۆ عێراق، گەیشتە شاری نەجەف کە لە میانیدا بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعە، عەلی سیستانی کۆبوویەوە.