Sarmand Hameed
31 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی رایگەیاند، پێویستە هەنگاو و نەریتە دەستوورییەكان بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێی حكوومەت و دەزگاكانی دیکە لە عێراق خێراتر جێبەجێ بكرێن.
مەسعود بارزانی بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینی ٢٠٢٢، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە "بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینییەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم. ھیوادارم ساڵی تازە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت بۆ باشتربوونی گوزەرانی خەڵک و بەدیھاتنی سەقامگیریی و پێشکەوتنی زیاتر بۆ گەلەکەمان".
مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ خۆڕاگرییان و تیایدا هاتووە "بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆم ئاراستەی هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكان و هەموو خەڵكی كوردستان بكەم كە هەردەم بە قوربانیدان و خۆڕاگریی خۆیان، لە بەرانبەر هەڕەشەكان و تیرۆر و ئابڵۆقەدا وەستاونەتەوە و پارێزگارییان لە كوردستان كردووە".
لە بەشیکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "ئەركی سەر شانی هەموو دامودەزگا و لایەنە سیاسییەكانە لەئاستی قوربانیدانی گەلەكەماندابن و پێكەوە و بە هیمەتی هەموو لایەک پارێزگاریی لە دەستكەوتەكان و مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن".
مەسعود بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقەوە رایگەیاندووە "هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵبژاردنێكی باش بوو و ئەنجامەكانیشی دەرخەری ویست و ئیرادەی هاووڵاتییان بوو. دوای پەسەندکردنی ئەنجامەكان لە لایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە پێویستە هەنگاو و نەریتە دەستوورییەكان بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێی حكوومەت و دەزگاكانی تر خێراتر جێبەجێ بكرێن و بووژانەوە و خزمەتگوزاری و ماف و ویستی هاووڵاتییان و سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق بكرێتە ئەولەویەتی بەرنامەكانی حكوومەتی داهاتوو. ئەویش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی هەر سێ پڕەنسیپی شەراكەت و سازان و هاوسەنگی لە حوكمڕانیدا. هاوكاتیش نابێت چیتر هەوڵی پەراوێزخستنی ھیچ پێكهاتەیەکی عێراق لە حوكمڕانیدا بدرێت".
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان جەختی لە فەرهەنگی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستاندا کردووەتەوە و رایگەیاندووە "بە بۆنەی سەری ساڵی ٢٠٢٢ـی زایینییەوە جارێكی دیکە جەخت لە پەیامی ئاشتیانە و فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە و، پێویستە هەموو لایەک بە باشی لەوە تێبگەن كە عێراق و ناوچەكەمان چیتر بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیریی ناگرێت. ئەركی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیشە بۆ پاراستنی ئاشتی و دادپەروەری و ئاساییش هۆكارێكی یارمەتیدەر بێت، بۆ ئەوەی چیتر لەمە زیاتر گەلانی ناوچەكە و خەڵكی بێتاوان تووشی نەهامەتی و وێرانكاریی نەبن".
لە کۆتایی پەیامەکەی مەسعود بارزانی هاتووە "لەساڵی تازەدا بەهیوای ئەوەی ئاشتی و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت و، ئومێدی خێر و خۆشی بۆ گەلی كوردستان دەخوازم. لە خودای گەورە داواكارم گەلەكەمان لە هەموو جۆرە پەتا و نەخۆشی و نەهامەتی و كارەساتێک بە دوور بگرێت".