Sarmand Hameed
30 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شەش تیرۆریستی داعشیان لە چیای قەرەچووغ سنووری قەزای مەخموور باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق کوشت.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بڵاوی کردەوە، هێزەکانی لیوای ٥٠ی پیادە سەربە فیرقەی ١٤ی سوپا بە پاڵپشتی ئاسمانیی دوای بەدیکردنی جموجۆڵی چوار تیرۆریستی داعش، ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجام دا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دوو تیرۆریست کوژراون و دوو تیرۆریستەکەی دیکەیش هەڵاتوون.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە هێزە ئەمنییەکە چاودێریی دوو تێرۆریستە هەڵاتووەکەیان کردووە کە چوونەتە ناو ئەشکەوتێکەوە و دواتر بۆیان دەرکەوت کە ئەشکەوتەکە دوو تیرۆریستی دیکەیشی تیادایە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە لە ئۆپەراسۆنێکی ئاسمانییدا کە لەلایەن هێلیکۆپتەری سەربازییەوە ئەنجامدرا، هەر چوار تیرۆریستەکە کوژراون، بەمەش کۆی ئەو تیرۆریستانەی لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا کوژران بووە شەش تیرۆریست.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا رێکخراوەکە لە رێگەی پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە ژمارەیەک ناوچەی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار.