Sarmand Hameed
29 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2022
هەولێر - AA
هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان لە بناری چیای قەرەچووغ سنووری قەزای مەخموور باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا ئەنجامدا.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، بۆ رەواندنەوەی ئەو مەترسییە ئەمنیانەی کە پاشماوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش لەسەر ناوچەکە و خەڵکی سڤیل دروستیان کردووە، هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان لەو ناوچانە ئەنجامدا کە گومانی هەبوونی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆرستانی لێ دەکرا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، لیوای ١٤ی پیادەی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە، بەهاوکاری و پاڵپشتی بەشی سەگەوانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە ناسراو بە (K9) لەبناری چیای قەرەچووغ ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان بەسەرکەوتوویی تهواوكرد.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا، لیوای ١٤ی پیادە، کێوماڵی گوندەکانی گاور، کەنداڵ، گردە شین، مەلک ئاغا و کەپەنەڕەش-یان لەبناری چیای قەرەچووغ کردووە، ئامانجی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەناوبردنی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆرستان بوو، هاوکات بەرقرارکردن و سەقامگیرکردنی ئەمنییەت و ئاسایشی زیاتری ئەو ناوچانە بوو کە گومانی هەبوونی پاشماوەی چەکدارانی داعشی لێدەکرا.
پێشتریش چەند ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هیزە فیدراڵییەکان دژبە پاشماوەی تیرۆریستانی داعش لە سنووری چیای قەرەچووغ ئەنجامدراوە.