Sarmand Hameed
15 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2022
هەولێر - AA
هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان لە بناری چیای قەرەچووغ سنووری قەزای مەخموور باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا ئەنجامدا.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، لیوای ١٨ی پیادە لەژێر سەرپەرشتی میحوەری شهشی هێزەکانی پێشمەرگە، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان لە بناری چیای قەرەچووغ ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئۆپەراسیۆنەکە لە سنووری ئەو گوندانە بووە کە دەکەونە بناری چیای قەرەچووغ، و ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەش کێوماڵکردن و پاککردنەوەی ناوچەکە بووه لە تیرۆریستانی داعش.
لەوبارەیەوە فەرماندەی لیوای ١٨ی پیادە لە هێزەکانی پێشمەرگە، عەمید زریان ئیسماعیل خەلیفە لە دوای ئۆپەراسیۆنەکە رایگەیاندووە: "ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە بەردەوامیان دەبێت، پێشمەرگە هەمیشە چاوکراوەیە بەرامبەر هەر جوڵە و مەترسییەکی تیرۆریستان".
پێشتریش چەند ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هیزە فیدراڵییەکان دژبە تیرۆریستانی داعش لە سنووری چیای قەرەچووغ ئەنجامدراوە.