Zana Natık Kerem
02 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2021
ھەولێر ــ AA
سوپای عێراق رایگەیاند کە دوای کردنەوەی ناوەندە ھاوبەشەکانی ھەماھەنگیی، ھاریکارییە سەربازییەکانیان لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە سەبارەت بە راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش، زیادی کردووە.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە ناوەندە ھاوبەشەکانی ھەماھەنگیی دەستیانکردووە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری سەبارەت بە بوونی تیرۆریستان و گوتی:
"دوای کردنەوەی ناوەندە ھاوبەشەکانی ھەماھەنگیی، ھاریکارییە سەربازییەکانی نێوان ھێزەکانی فیدراڵیی و ھێزەکانی پێشمەرگە سەبارەت بە راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش و بەرگرتن لە بەقاچاغبردن و پاراستنی ئابووریی نیشتمانیی، زیادی کردووە".
گوتیشی: "ئەوە ھەنگاوێکی گرنگە لە پێناو راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لە ناوچەکانی سنووری نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی فیدراڵیی-دا ھەیە".
لە میانی مانگی ئایاری رابردوودا، سێ ناوەندی ھەماھەنگیی ھاوبەش لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک و نەینەوا لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا کرانەوە.