Hawkar Yaseen
02 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کرد لە کۆنسولی گشتیی نوێی سعوودیە لە ھەرێمی کوردستان، محەمەد بن سلێمان عەسیری.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە دیدارەکەدا، نێچیرڤان بارزانی وێڕای پیرۆزبایی بۆ دەستبەکاربوونی وەک کۆنسولی گشتیی نوێی وڵاتەکەی لە ھەرێمی کوردستان، ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە و ھەموو پشتگیرییەکی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بۆ سەرکەوتنی ئەرک و کارەکانی نیشان داوە، سوپاسی ستافی کۆنسولخانەی سعوودیەشی کردووە بۆ ئەرک و خزمەتیان لە ھەرێمی کوردستان و ھیوای بەرەوپێشچوونی زیاتری پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی لەگەڵ سعوودیە خواستووە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە کۆنسولی گشتیی نوێی سعوودیە لە هەولێر دووپاتیکردووەتەوە کە ھەموو ھەوڵەکانی دەخاتە گەر بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و سعوودیە و فراوانکردنی بوارەکانی ھاوبەشی و ھاریکاریی نێوان ھەردوولا.
نوسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی ناوچەکە بەگشتی، پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، دەرفەتەکانی کار و سەرمایەگوزاریی بیانی لە ھەرێمی کوردستان و چەند بابەتێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش تاوتوێ کراون.