Hemn Husain
25 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2016
هەولێر
هێرشی سووپای عێراق لە رۆژئاوای مەخموور بەردەوامە ئەمرۆش هاوشێوەی دوێنێ دوو گوندی دیكەیان كۆنترۆڵكردەوە، هێزەكانی پێشمەرگەش پشتیوانییان دەكەن و لەئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو.
جێگری فەرماندەیی میحوەری مەخموور ئاماژە بەوە دەکات کە هێزەکانی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدان و لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەیان، هێزی پێشمەرگە تەنیا چاودێری بارودۆخەکە دەکات و لەهەر حاڵەتێکی نا ئاسایی ئەوا هێزەکانی پێشمەرگە وەڵامی گرووپە تیرۆریستییەکان دەدەنەوە.
جێگری فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور لیوا زریان شێخ وەسانی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رێککەوتنێک لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سووپای عێراقدا هەیە و رێککەوتنەکەش ئەوەیە کە هێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدادەبێت و هەر کاتێک سووپای عێراق پێویستییان بە ئێمە بوو هاوکارییان دەکەین".
سەبارەت بە بەشداریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە شانبەشانی سووپای عێراق لەماوەی ئەو دوو رۆژەدا، جێگری فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور گوتی: "هێزی پێشمەرگە تا ئێستا بەشداری نەکردووە بەڵام نزیکین لە یەکتر و بۆ نموونە ئێستا هێرشیییان کردووە بۆ گوندی نەسر کە 4 کیلۆمەتر لە ئێمەوە دوورە، لە هەمانکاتدا لەلای گوندی کودیلە و کەرمردی سووپای عێراق هێرشی کردووە کە 2 کیلۆمەتر لە هێزەکانی پێشمەرگەوە دوورە".
لەبارەی ئەو گوندانەی کە تا ئێستا ئازادکراون، لیوا زریان شێخ وەسانی گوتی: "تا ئێستا ئەو گوندانەی کە ئازادکراون بریتین لە گوندی کەرمردی و کودیلە و خەربەردان و لە ئێستاشدا هەردوو گوندی سڵاحیە و نەسڕ گەمارۆدراون لەلایەن هێزەکانی سووپای عێراق کە نزیکەی 3 کیلۆمەتر لە هێزەکانی پێشمەرگەوە دوورە و شەڕیشی لێ بەردەوامە."
سەبارەت بە توانای هێزەکانی سووپای عێراق، جێگری فەرماندەی میحوەری مەخموور ئاماژە بەوە دەکات کە توانایان کەمە چونکە ماوەی دوو رۆژە تەنیا سێ گوندیان کۆنترۆڵ کردووە و لە درێژەی قسەکانیدا لیوا زریان شێخ وەسانی گوتی: "ورەی سووپای عێراق بەرزنیە چونکە دوو رۆژە یەک گوندیان گەماورۆ داوە و نەیانتوانییوە بچنە ناو گوندەکە، بەڵام لیوای 72 کە هێرشی گوندەکانی کودیلە و کەرمردییان کرد توانییان ئەو دوو گوندە ئازاد بکەن".
جێگری فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور پێشبینی ژمارەی چەکدارانی داعش لە گوندی سڵاحیە و نەسڕ دەکات و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "بە بۆچوونی من ژمارەی چەکدارانی داعش لەم گوندە کەمە و پێشبینی 30 چەکدار دەکرێت و ئەوانیش جار جار لە رێگای هاوەن هێرش دەکەنە سەر میحوەری ئێمە".
جێگری فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور پێی وایە هێزەکانی سووپای عێراق بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ دەستییان بەو ئۆپەراسیۆنەکردووە و بەڵام لە هەوڵی ئەوەدانە کە شەرگات کۆنترۆڵ بکەن بۆ ئەوەی کارەکانی سووپای عێراق ئاسانتربێت، لە درێژەی قسەکانیدا لیوا زریان شێخ وەسانی گوتی: "سەرکردایەتی عەمەلیاتی نەینەوا کە هاتوونەتە مەخموور و بەرنامەیەکیان لەبەردەستە کە فیرقەی 15 ش لێرەیە و دەیانەوێت پێش ئەوەی مووسڵ کۆنترۆڵ بکەنەوە، پێشتر ئەو گوندانەی نزیک بە مووسڵ بگرن و دواتر بڕۆنە گەیارە و لەوێشەوە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ دەست پێبکەن، ئەمەش کاریگەری زۆری هەیە لەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ، چونکە سێڕیانی حاجی عەلی کە سێ رێگای سەرەکی هەیە ئەوانیش، یەکێکیان مەخموور و یەکێکیان شەقامێک بۆ شەرگات و ئەوی دیکەش رێگای حەلوات، کە ئەمە بۆ سووپای عێراق زۆر گرنگە، چونکە گەیارە فڕۆکەخانەشی تێدایە و ئەمەش کارەکانی سووپایی عێراق ئاسانتر دەکات و جگە لەوەش ئەگەر پردی گەیارە بکەوێتە دەست هێزەکانی سووپای عێراق ئەوا مەترسی لەسەر ناوچەکە کەمتر دەبێتەوە".
لیوا زریان شیخ وەسانی ئاماژە بەوەش دەکات کە فڕۆکەکانی جەنگی سووپای عێراق تا ئێستا پاڵپشتی هێزەکانی سووپای عێراقی نەکردووە و ئەوەی دەبینرێت تەنیا فڕۆکەی هاوپەیمانانە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "فڕۆکەی هاوپەیمانان هاوکارییان دەکات بەڵام نەمانزانیووە فڕۆکەی جەنگی عێراقی هاوکاری سووپای عێراقی کردبێت و ئەوەی ئێستا دەیبین تەنیا فڕۆکەکانی جەنگی هاوپەیمانانە".
شایانی باسە هێزەکانی سووپای عێراق لەم شەڕەدا چەکی قوڕس بەکاردەهێنن و لە گوندی جاڕوڵڵا لە رێگای هاوەن و گولەتۆپەوە بۆردوومانەکانیان بۆ هەردوو گوندی نەسڕ و سڵاحیە دەست پێکردووە بۆ ئەوەی هێزەکانییان لە نزیک گوندەکانی نەسڕ و سڵاحیە بتوانن بچنە ناو گوندەکەوە.
فیرقەی 15ـی سوپای عێراق ماوەی زیاتر لە مانگێکە لە مەخموور جێگیرکراوان و لە سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 24-3-2016 هێرشێکی بەرفراوانیان لە باشووری رۆژئاوای مەخموور و بەرزاییەکانی سوڵتان عەبدوڵڵا دەستپێکردووە و هەمان رۆژ گوندەکانی کەرمردی و کودیلەیان بەبێ هیچ بەرەنگاربوونەوەیەکی داعش کۆنترۆڵکردەوە و لە ئێستاشدا گەمارۆی گوندەکانی سڵاحیە و نەسڕیان داوە بەچری بۆردوومانی ناو گوندەکە دەکەن و هێزەکانی پێشمەرگەش لە گوندی جاڕوڵڵا لە ئامادەباشیدان بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.
جێی ئاماژەیە گوندی جاروڵڵا نزیکەی 4 کیلۆمەتر لە گوندی سڵاحیە و نەسڕ دوورە و دەکەوێتە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ هاوشێوەی بەرزاییەکانی سوڵتان عەبدوڵڵا کە هێزەکانی پێشمەرگەی تێیدایە.