Zana Natık Kerem
06 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشیان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سنووری قەزای مەخموور باشووری رۆژھەڵاتی پارێزگای نەینەوا دەست پێ کرد.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و ھێزەکانی میحوەری شەش سەربە ھێزەکانی پێشمەرگە، ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەکانی دەورووبەری قەزای مەخموور دەست پێکردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، پاڵپشتیی ئاسمانیی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، دابین کراوە.
ھەروەھا لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، راوەدوونانی تیرۆریستانی داعشە لە ناوچەکانی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی فیدراڵیی".