Hawkar Yaseen
30 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی زیانمەندبووانی لافاوی یەکەمی شاری هەولێر کۆتایی هات و هەموو ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتوو و ناویان تۆمارکرابوو، قەرەبوو کرانەوە.
پارێزگارى هەولێر، ئومید خۆشناو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە بە هاوبەشی لەگەڵ سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رێکیانخستبوو رایگەیاند "دوێنێ دوایین رۆژی قەرەبووکردنەوەی زیانمەندبووانی لافاوی یەکەمی هەولێر بوو، هەموو ئەوانەی زیانیانبەرکەوتبوو تۆمارکرابوون قەرەبوو کرانەوە کە بە پێنج ملیار و ٨٥٣ ملیۆن دینار زیانەکانى خەمڵێنراوە کە لەلایەن دەزگا خێرخوازیی و کەسایەتییەکانەوە چوار ملیار و ٤٦٠ ملیۆن دینار هاوکارى کراوین و یەک ملیار و ٣٩٣ ملیۆن دیناریش لەلایەن حکوومەت دابین کراوە".
گوتیشی: "لە لافاوەکەدا کە گوندى کۆری و شاری زێڕین و گردجووتیار و تەقتەقى گرتەوە، بەوهۆیەوە ٨٢٦ خێزان ناوماڵ و کەلوپەل و خانووەکان تێکچووە و ٣١٣ ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوتووە، ئەوە جگە لە تێکچون و زیان گەیشتن بە موڵکى میری و شوێنە گشتییەکان و چارەسەرکردنى رێڕەوى ئاو".
ئومێد خۆشناو دەربارەی لافاوی دووەمی هەولێر کە رۆژی ١٧ی کانوونی یەکەم بوو رایگەیاند "لافاوى دووەم ١٥ شوێنى پارێزگاى هەولێری گرتەوە کە بەوهۆیەوە سێ هەزار و ٢٧٨ فۆرم لەلایەن زیانلێکەوتووانى لافاوەکە پرکراونەتەوە کە دوو هەزار و ٧٧٥ خانوو ناوماڵیان و هەریەکە و بەڕێژەیەک زەرەرمەند بوون، هەزار و ٨٧ ئۆتۆمبیلیش زیانیان بەرکەوتووە و ٣٨٦ خانووش دیوار و دەرگایان تێکچووە، ١٤٠ دوکان و فرۆشگا زیانیان بەرکەوتووە، هەزار و ٢٩ سەر مەڕ و ماڵات لەناو چوون، ٤٢ مۆلیدەى گەڕەکەکان تێکچوون، ١٦٠ پارچە زەوى کشتوکاڵی زیانیان بەرکەوتووە و بەرهەمەکانى تێکچوون، چوار حەوزى ماسی بەهۆی لافاو تەقیون و زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها ١٠ کارگەى پیشەسازىی ئاویان تێچووە و نۆ مارکێت و مینى مارکێت و ٢٠ کۆگا لە ناوچەى قوشتەپەو دارەتوو ئاو چۆتە ناویان و کەرەستەکانیان زیانی پێگەیشتووە و ٢٤ ماتۆڕسیکلیش لە لافاوەکەدا زەرەرمەند بوون".
پارێزگارى هەولێر، ئومید خۆشناو گوتیشی: "بۆ هاوکاری لێقەوماوانی لافاوەکە کە لەڕێگای ژمارە بانکییەکانی تایبەت بەو رووداوە تا ئێستا پێمان گەیشتووە کۆکراوەتەوە، پێنج ملیار و ١٠٤ ملیۆن و ٢٣٥ هەزار و ٥٠٠ دینار لەسەر هەژمارە بانکییەکان هەیە و کۆکراوەتەوە، هەروەها یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دیناریش لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە لەڕێگای دەزگای روانگەوە بۆ پێداویستی سەرەتایی بەسەر خەڵکدا دابەشکراوە، یەک ملیار دیناریش لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە بۆ چاککردنی رێڕەوەکانی روونەدانەوەی کارەساتی لەو جۆرە وەک قۆناغی یەکەم پێشکەش بە پارێزگا کراوە و تیمەکان کارەکانیان کردووە، زیاتر لە دوو ملیار دیناریش پێداویستی سەرەتایی لەڕێگای ئەو کەمپەین و هاوکارییانەی کۆکراونەتەوە لەڕیگای ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازی بارزانی بەسەر لێقەوماواندا دابەشکراوە وەک پێداویستی سەرەتایی وەک نەوت و پێداویستییەکانی دیکە".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى هەرێمى کوردستان، محەمەد شوکری رایگەیاند "ئەمڕۆ وەک دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ دەستەیەک لە وەبەرهێنەران، سەردانی پارێزگای هەولێرمان کرد بۆئەوەی بڕێک لەو هاوکارییەی کۆمانکردووەتەوە لە ئەنجامی راگەیاندنی کەمپەینی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر بیگەیەنین بە پارێزگا تا بەشێک بێت لە کەمکردنەوەی خەمی لێقەوماوانی لافاوەکەی هەولێر کە دوو ملیار و ١٨٩ ملیۆن دینارە و تەسلیمی پارێزگای هەولێر کرا وەک بەشێک لەو هاوکارییەی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان لە هەموو شار و شارۆچکەکان کۆمەکی کەمپەینەکەیان کردووە".
محەمەد شوکری گوتی: "داواکارین لە هەموو وەبەرهێنەران ئەوانەی بەشدارییان نەکردووە بەشداربن بۆئەوەی هەموو ئەو خەرجییانەی پارێزگای هەولێر لە ئەستۆی گرتووە بۆ قەرەبووکرنەوەی زیانلێکەوتووان دابینی بکەین و بتوانین هاوکاری هاونیشتمانیانی خۆمان بکەین".