Sarmand Hameed
17 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2022
هەولێر-AA
دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە ٩ی ئاداری ٢٠٢٢ و کۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لە ١٣ی ئاداری ٢٠٢٢ و راسپاردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چاودێریکردنی بازاڕەکان لە پێناوی ئەوەی رێگە نەدرێت ئەو دۆخە بقۆزرێتەوە و نرخەکان گران بکرێت و بارگرانی لە سەر ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، بەسەرپەرشتی پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو و ئامادەبوونی جێگری پارێزگار، ھێمن قادر، لە دیوانی پارێزگا، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر بۆ رێگەگرتن لە گرانی نرخ و پێداویستی ھاووڵاتییان و کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ کۆبووەوە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە پارێزگای هەولێر بڵاوکراوەتەوە، لەکۆبوونەوەکەدا، جەخت لە چاودێریکردنی چڕ و وردی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی ھاووڵاتییان کرایەوە و ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگا لیژنەی قایمقامییەتەکانی بەسەرۆکایەتی قایمقامەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر راسپارد رێوشوێنی توند لەگەڵ ھەموو ئەو کەسانە بکرێت کە نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لەسەر ھاووڵاتییان زیاد دەکەن و جەخت لەوە کراوەتەوە کە رێگە بە ھیچ کەس نادرێت بەھەر بڕ و بیانوویهك بێت یاری بەبازاڕ بکات و نرخی خۆراک و کەلوپەل و پێداویستی لەسەر ھاووڵاتییان گران بکات. لەوبارەیەشەوە کۆبوونەوە چەند بڕیارێکی پێویستی داوە.
پاشان پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا بۆ میدیاکان سەبارەت بە گرانبوونی بەشێک لە کەلوپەل و پێدویستییەکانی ھاووڵاتییان رایگەیاند: "بەشێک لە خۆراک و پێداویستی ھاووڵاتییان کە لەسەر ئاستی جیھانی نرخەکانیان بەرزبوونەتەوە ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، بەڵام وەکو ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر کۆنترۆڵی دۆخی بازاڕ دەکەین و چاودێری دەکەین کە قۆرخکاری نەکرێت و یاری بە نرخەکان نەکرێت".
ئومێد خۆشناو سەبارەت بە دابەشکردنی بەنزین لە بەنزینخانەکانیش ئاماژەی بەوەدا، وەک تاقیکردنەوە لە ٢٤ی ئادارەوە تاوەکو ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٢ بۆ ماوەی یەک مانگ ئەگەر ھەر بەنزینخانەیەک جەنجاڵی دروست بکات ئەوا دادەخرێت و وەرگرتنی بەنزین بە شێوەی تاک و جووت دەستپدەکات، ھەروەھا رۆژانە حەوت بەنزینخانە بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت و شەش بەنزینخانەش بۆ تاکسی و یەک بەنزینخانەش بۆ پاس و ھۆکارەکانی گواستنەوە دیاری دەکرێت.
پارێزگاری هەولێر لەبارەی نانەواخانە و فرنەکانیش جەختی لەوە کردەوە کە بریار دراوە ٨ سەموون و ٨ نانی تاک و ٤ نانی دەبڵ نرخیان ھەر وەک جاران بە یەک ھەزار دینار دەبێت.