Hawkar Yaseen
21 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2020
هەولێر - AA
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەڵپەساردنی کارەکانی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان، کاردانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی لێکەوتەوە و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو رایانگەیاند کە بەبێ یەکێتی-یش کۆبوونەوەی پەرلەمان پەک ناخەن و کۆبوونەوەکان دەکەن.
ئومێد خۆشناو لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "ئێمە بەڕوونی بە هەڤاڵانمان لە فراکسیۆنی یەکێتی و بە سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمانمان گوتووە کە بە هیچ جۆرێک وەک فراکسیۆنی پارتی ناچینە ژێرباری هیچ بڕیارێک و ئەوە مافی هیچ حزبێک نییە کە بیانەوێت کارەکانی پەرلەمان پەکبخەن"
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند "ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی ئەو بڕیارەی یەکێتی بە بڕیارێکی خراپ دەبینین، هیچ حزبێک ئەو مافەی نییە بیەوێت کارەکانی پەرلەمان پەکبخات، پێمان وایە هیچ هۆکارێکی سیاسیی نابێت ببێتە هۆی ئەوەی کارەکانی پەرلەمان پەکبخرێت، دەبێت ئێمە هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی هاوکاربین کە سەرکردایەتییەکانمان رێک بکەون و دانیشتنیان هەبێت، تەئکیدیش دەکەینەوە وەک پارتی پابەندی ئەو رێککەوتنانەین کە پێشتر کردوومانە و لەگەڵ نەفەسی تەوافقداین و لەگەڵ زۆرینە و کەمینە نین".
ئومێد خۆشناو گوتیشی: "پەرلەمان دامەزراوەیەکی نیشتمانیی-یە ناکرێت لە مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتییەکانەوە بڕیار لە پەکخستن یان کرکردنی بدرێت بۆیە ئومێدەوارین برادەرانمان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەو بڕیارەیاندا بچنەوە".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەیش دا "ئەمڕۆ لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی و سەرۆکی پەرلەمان-یش قسەمانکردووە بەڕوونی پێیان گوتین کە بڕیاری سەرکردایەتییەکەیان ئەوەیە کە کۆبوونەوەی پەرلەمان نەکرێت تاوەکو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی کۆدەبێتەوە، ئێمەش بەڕوونی پێمان گوتن کە پابەندین بەو رێککەوتنانەی کە لە رابردوو هەمانبووە و بەردەوامی بە کارەکان دەدەین، پێشمان گوتن کە لەگەڵ ئەو بڕیارەدا نین و ناچینە ژێر فشاری بڕیارێکی لەو جۆرە".
بڕیاربوو هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان قسە لەسەر پرسەکانی بۆردومانەکانی ناوچە سنوورییەکان، کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان، بابەتی تەندروستیی، رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، قەرزەکانی حکوومەت و مووچە و ژیانی خەڵک بکات و بەگوتەی ئومێد خۆشناو ئەمڕۆ، وەڵامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە بۆ پەرلەمان و ئاماددەییان نیشان داوە و وەزیرە پەیوەندیدارەکان بانگهێشتکراوەکان کە هەفتەی داهاتوو لە پەرلەمان ئامادەبن.