Rewa Mahmood Hasan
06 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2020
سلێمانی-AA
لە کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە دەباشان بەڕێوەچوو، بڕیاردرا رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە سەرۆکایەتی هەرێم، کۆبوونەوەی سێقۆڵی هەریەک لە پارتی، یەکێتی و گۆڕان بەڕێوەبچێت.
دوای ئەوەی کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشیار زێباری و ئەندامییەتی هەریەک لە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد و ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، پشتیوان سادق گەیشتنە دەباشان و لەلایەن هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێیتی رزگار عەلی، شاڵاو عەلی عەسکەری و سۆران جەمال تاهیر و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، خەسرەو گوڵ محەمەد-ەوە پێشوازییان لێکرا، کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوە راگەیەندراوێکی هاوبەش بڵاوکرایەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، زەمینەسازی کراوە بۆ کۆبوونەوەی سێقۆڵی یەکێتی، گۆڕان و پارتی لە سەرۆکایەتی هەرێم.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ له بارەی پەیوەندییەكانی هەردوولا و رەوشی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكه كرا و كۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان پارتی و یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان به گرنگ و پێویستی قۆناغەكه زانرا له پێناو یهك هەڵوێستی و داكۆكیكردن له مافەكانی گەلی كوردستان له عێراقی فیدراڵ بەتایبەتی بابەتی مووچه و شایسته داراییەكانی ههرێمی كوردستان، پشتگیریی ههنگاوەكانی حكوومهتی هەرێمی كوردستان دەکەین پهیوەست به دانوستان سەبارەت به یاسای كورتهێنانی بوودجە و وەرگرتنی قهرز بۆ دابینكردنی مووچەی هاووڵاتییانی كوردستان كه له بارودۆخێكی سەختی ژیاندان، هەروەها خۆئامادەكردن بۆ پرسی یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١".
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەردوولا كۆكبوون لەسەر زەمینەسازی بۆ كۆبوونەوەی سێقۆڵی كه وابڕیاره رۆژی سێشەمەی داهاتوو له سەرۆكایەتیی هەرێم ئەنجامبدرێت.
لە کۆتاییدا هاتووە ''كۆبوونەوه تاوتوێی بوارەكانی ئیداری، مالی و پەیوەندییهكانی كرد و گفتوگۆی پێویست ئەنجامدرا و بۆ ئەمەش، زەمینەسازی بكرێت بۆ كۆبوونەوە و دروستكردنی یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی كوردستان".