Hemin Othman Mohammed
13 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2024
سلێمانی – AA
بوونی ژمارەیەکی زۆر سەگی بێلانە لە ناو شاری سلێمانی بووەتە هەڕەشە بۆ سەر گیانیی هاووڵاتییان.
بەهۆی نەگرتنەبەری ڕێکاری پێویست، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی سەگی بێلانە لە گەڕەک و کۆڵانەکانی شار زیاد دەکات و مەترسی بۆسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کردووە.
لە چەند شوێنێکی شارەکە، بە تایبەتی گەڕەکەکانی قەراخ شار، پاڕکە گشتییەکان و ئەو ناوچانەی کە باڵەخانەی چۆل و تەواونەکراوی تێدایە، هاووڵاتییان ناتوانن لە کاتەکانی بەیانییان و ئێواران هاتۆچۆ بەو شوێنانەدا بکەن.
لەگەڵ زۆربوونی ناڕەزایەتییەکان لە بوونی ئەو ژمارە زۆرەی سەگی بێلانە لە گەڕەکەکان، چەند کەسێکی خۆبەخش دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی ئەو سەگە بێلانانە، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەیانەوە ناتواندرێت کێشەکە بە تەواوی چارەسەر بکرێت.
سەگە بێلانەکان کە هەندێکجار پەلاماری هاووڵاتییان دەدەن، ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێ هاوکات مەترسی تەندروستی لەسەر ژیانی هاووڵاتییانیش هەیە بەتایبەت ئەو کەسانەی کە سەگ پەلاماریان دەدات.
پزیشکێکی نەخۆشخانەی شار ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرجار ئەم سەگە بێلانانە پەلاماری هاووڵاتییان دەدەن و برین لەسەر جەستەیان بەجێدەهێڵن بەمەش مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییان لێ دەکرێت.
پزیشک لە نەخۆشخانەی شار، سدیق حەمەعەزیز ساڵح لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەبەرئەوەی ئەم سەگانە بەشێوەی گرووپ دەگەڕێن، ئەگەر ڕاهاتبن لەسەر ئەوەی پەلاماری هاووڵاتی بدەن لەسەر ئەو دیاردەیە بەردەوام دەبن و مەترسی زۆر دروست دەکەن. ئەوانە هەندێکیان تەنیا چنگ لە مرۆڤ دەگرن، بەڵام هەندێکیان دەبنەهۆی بریندارکردنییان بە کەڵبەکانیان، بەکتریا و ڤایرۆس لە ناو هەندێکیاندا هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی کە زۆر دڕن، ئەوانە مەترسی نەخۆشی هارییان لێبکرێت".
ئەو پزیشکە گوتیشی: "بەدەر لە نەخۆشی هاریی، ڕەنگە شوێنی برینەکە هەو بکات، سوور ببێتەوە و بئاوسێت، هەندێک جار ئەو حاڵەتانە هەیە و ڕوومان تێدەکات".
سەبارەت بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان، پزیشک سدیق ڕایگەیاند: "زۆر سوپاسیان دەکەین، خەمخۆرانە لە خەمی هاووڵاتییانن و لە خەمی ژیانی سەگە بێلانەکانیشدان".
سدیق حەمەعەزیز ساڵح ئاماژەی بەوە کرد کە سەگە بێلانەکان لەکاتێکدا هەست بە برسێتی یان مەترسی نەکەن پەلامار نادەن، بەڵام هەندێکیان ڕاهاتوون بە گەستن بۆیە بەردەوام دەبن لەسەر ئەو دیاردەیە.
ناوبراو گوتیشی: "بێگومان کۆکردنەوەیان لە شوێنێکدا ژمارەیان کەمدەکاتەوە، بەدڵنیاییشەوە مەترسی کەمتر دەبێتەوە".
سەبارەت بە ئامارەکانی گەستنی هاووڵاتیان لەلایەن سەگی بێلانەوە، دکتۆر سدیق ڕایگەیاند: "لە هەفتەیەکدا ٥-١٠ حاڵەتی گەستنی سەگ ڕوو لە نەخۆشخانەکەمان دەکەن، ئەم حاڵەتانە لە هەفتە بۆ مانگ دەگۆڕێت. بەپێی وەرزەکانیش دەگۆڕێت".
سەگە بێلانەکان بوونەتە مەترسی و هەڕەشە بۆسەر گیانی هاووڵاتییان، بە تایبەتی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەرگای قوتابخانەکان دەکرێتەوە و قوتابییان زیاتر هاتوچۆ بەسەر شەقام و کۆڵانەکان دەکەن و ئەمەش بووەتە جێی ترسی باوک و دایکی قوتابییان.
هاووڵاتیی، ئارام مەحموود سلێمان تەمەن ٤٢ ساڵ ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی سەگی بێلانەوە ناتوانن تەنانەت لە پارک و باخچەکانیش دابنیشن، هۆشداریش دەدات لەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەهۆی کردنەوەی قوتابخانەکان ڕەنگە مەترسی بکەوێتە سەر ژیانی قوتابییان.
لەمبارەیەوە ئارام مەحموود سلێمان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەگە بێلانەکان تەواو بێزاریان کردووین، ھەندێکیان نەخۆشن، بەیانییان سەیریان دەکەین لەو زەوییە کەوتوون و خوێن بە برینەکانییانەوە دیارە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی گەڕەکەکە بێزاربوون، منداڵ ناتوانن بێنە دەرەوە لە ترسی پەلاماری سەگە بێلانەکان، لە نزیک ماڵەکەمان پاڕکێک ھەیە کەس ناوێرێت بچێت لەوێ دابنیشێت لە ترسی سەگەکان".
ئارام مەحموود گوتیشی: "چەند ڕۆژێک بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان ماوە، نزیکەی ١٥ بۆ ٢٠ سەگ لەو ناوچەیەن، قوتابییەکانیشمان بە پیادەیی دەچنە قوتابخانە، ئەمەش دەبێتە هەڕەشە و مەترسی لە ژیانی منداڵەکانمان، ناشتوانین ھەموومان ببینە پاسەوان بە دیار گەڕانەوەی منداڵەکانمانەوە، بۆیە پێویستە بیرێک لەم بابەتە بکرێتەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە حەوتی مانگی ڕابردوو، کۆلێژی پزیشکی ڤێتێرنەری زانکۆی سلێمانی پڕۆژەیەکی لەبارەی چارەسەرکردنی زۆربوونی سەگی بێلانە ڕاگەیاند کە ئەویش بریتیی بوو لە ئەنجامدانی پرۆسەی نەزۆککردنی و سڕکردنی سەگی بێلانە و دواتریش گواستنەوەیان بۆ شەڵتەرەکان، بەڵام تا ئیستا پڕۆژەکە نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە.