Ozhin Jola
21 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2020
کەرکووک - AA
بەپێ راگەیەندراوێکی دەزگای هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانییان لە پارێزگای کەرکووک، پێنج کەسیان دەستگیرکردووە کە سەربە رێکخستنەکانی داعش بوون.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە ئەو پێنج چەکدارەی دەستگیرکراون بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکراوبوون و بەپێی لێکۆڵینەوەکان دانیاناوە بەوەی کە بەشداربوون لە چەندین شەڕ و هێرش بۆسەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە.
لەلایەن خۆیەوە بەرپرسی راگەیاندن لە هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا، ئەفسەر بە پلەی رائد فیراس ئەحمەد بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەو پێنج چەکدارەی داعش لە سنووری قەزای خورماتوو دەستگیرکراون کە لە کەرکووک-ەوە هاتبوون.
ناوبراو راشیگەیاند کە پێنج تیرۆریستە دەستگیرکراوەکە دوای وەرگرتنی وتەکانیان رەوانەی دادگا کراون.
لە راگەیەندراوەکەی دەزگای هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەروەها هاتووە کە لە پرۆسەی گەڕان و پشکنینەکاندا لە ناحیەی رەشاد سەربە قەزای حەویجە باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک، دەستیان بەسەر ٣٠ بۆمبی چێنراو و بڕێک ماددەی تەقەمەنی لە جۆری C4 و سێ چەکی قورسدا گرتووە کە دواتر تەقەمەنییەکان لەلایەن تیمی پووچەڵکردنەوەی بۆمب، پووچەڵکراونەتەوە.