26 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، هێزە عێراقییەكان ئۆپەراسیۆنێكیان بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی سنووری پارێزگای دیالە رۆژهەڵاتی عێراق، دەست پێ كرد.
لەمبارەیەوە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە، بەیانی ئەمڕۆ هێزە عێراقییەكان، ئۆپەراسیۆنێكیان بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش و رەخساندنی كەشێكی ئارام بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی مخێسە، تەوەكەل، حەوزی دیالە، باشووری خانەقین، زور ئوم حینتە و عەبارە لە سنووری پارێزگای دیالە دەست پێ كردووە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەیش دراوە، ئۆپەراسیۆنەكە لە سێی میحوەرەوە ئەنجام دەدرێت كە هێزەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیالە، هێزەكانی پۆلیسی فیدرال، هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا و حەشدی شەعبی تیایدا بەشداری دەكەن.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت كە لە ماوەكانی رابردوودا، قۆناغی دووەم و سێیەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق، بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە رۆژهەڵاتی سەڵاحەددین، رۆژئاوای دیالە و باشووری رۆژئاوای كەركووك ئەنجامدرابوون كە لە میانیاندا، ژمارەیەك تیرۆریستی داعش كوژراون، هەروەها ژمارەیەك حەشارگەی تیرۆریستان، خاپووركران.