Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
30 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
لقی هەولێری بەرەی تورکمانی عێراق، دیداری سیاسەتی تورکمان و رۆڵی میدیای بۆ بەشێک لە میدیاکاران و رۆژنامەنووسانی تورکمان لە هەولێر رێکخست.
لە دیدارەکەدا، گفتوگۆکرا دەربارەی سیاسەتی ئایندەی تورکمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و رێکخستنی کاری میدیایی و گرنگی میدیا لە سیاسەتی نەتەوەی تورکمان.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراق، ئایدن مەعروف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دیدارەکە وەک مەکتەبی سیاسیی هەولێری بەرەی تورکمانی عیراق رێکمانخستبوو کە تایبەت بوو بە رەوشی میدیایی و رۆژنامەوانیی نەتەوەی تورکمان لە عێراق".
گوتیشی: "ئامانج لەم کۆبوونەوە و دیدارە، گفتوگۆکردن بوو دەربارەی رەوشی میدیایی تایبەت بە نەتەوەی تورکمان کە چۆن بتوانین لە ساڵی نوێدا گەشە بە بواری میدیاییمان بدەین و فراوانی بکەین، چۆن وابکەین بەشێوەیەکی مۆدێرن کاری رۆژنامەوانیی رێکبخەین، چونکە میدیا و راگەیاندن زۆر گرنگە کە دەتوانێت کاریگەری دروست بکات لەسەر دۆخەکە، ئێمەش پێویستمان بەوە هەیە کە میدیایەکی بەهێز و کاریگەرمان هەبێت بۆ بەرجەستەکردنی سیاسەتی نەتەوەیی تورکمان کە ئەمە زۆر گرنگە و ئەمڕۆ گفتوگۆمان دەربارەی کرد".
ئایدن مەعروف راشیگەیاند "لە دیدارەکەدا، باسی سیاسەتی تورکمانیش کرا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لەڕووی پەیوەندییەکانی تورکمان لەگەڵ نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە و لە داهاتووشدا لەسەر بنەمایەک کار دەکەین بە ئامانجی فراوانکردنی پەیوەندییەکانمان".