Heman Hussein Yaseen
23 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2020
هەولێر - AA
وەک رێزلێنانێک بەرامبەر هەوڵ و ماندووبوونیان، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف خەڵات و دیاریی وەزارەتەکەی بەخشییە دوو قوتابی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی کە لەسەر ئاستی پێکهاتەکان بەرزترین نمرەیان لە تاقیکردنەوە گشتییەکان بەدەستهێناوە.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری پەروەردەی سریانی، سەباح داودۆکا بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی خوێندنی تایبەت بە پێهاتەکان، خەڵات و دیاریی بەخشییە قوتابی ئەماندا ئەمیر لە پێکهاتەی سریانی و قوتابی ئەسما موراد لە پێکهاتەی تورکمان کە لە قۆناغی ١٢ی ئامادەیی بەرزترین نمرەیان لەسەر ئاستی پێکهاتەکان بەدەستهێناوە.
لە رێورەسمەکەدا، وێڕای پیرۆزبایی لە قوتابییەکان، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعرف پشتگیری و هاوکاری وەزارەتەکەی بۆ هەردوو قوتابییەکە نیشان دا بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن لە باشترین زانکۆکانی تورکیا.
ئایدن مەعروف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەکو وەزیری هەرێم دیاری رێزلێنانمان بەخشییە دوو قوتابی کە لە پێکهاتەکانی تورکمان و سریانی بوون و پلەی یەکەمیان لەسەر ئاستی قوتابییانی پێکهاتەکان بەدەستهێناوە، خەڵات و رێزلێنانەکە زیاتر مەعنەوی بوون، ئەمەیش پشتگیرییەکە بۆ ئەوەی زیاتر هانیان بدەین درێژە بە خوێندن بدەن لە بوارە جیاجیاکاندا بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا خزمەتی وڵات بکەن".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "لەکاتی دەستبەکاربوونمانەوە لە چوارچێوەی کارەکانماندا زیاتر گرنگیمان بە کەرتی پەروەردە و خوێندن دا و داواشمان لە هەردوو قوتابییەکە کرد کە ئەگەر لە هەرێمی کوردستانیش لەو بەشەی دەیانەوێت بخوێنن، وەرنەگیران، ئەوا دەتوانین لە رێگای سەرۆکایەتی تورکانی دەرەوە و کۆمەڵگا ناسیاوەکان ( یەتەبە) وەکو بوڕس بیاننێرین بۆ تورکیا و لەوێ درێژە بە خوێندن بدەن".
قوتابی ئەماندا ئەمیر لەسەر ئاستی قوتابخانەکانی خوێندنی سریانی، پلەی یەکەمی لە قۆناغی ١٢ی ئامادەیی لە بەشی زانستی بەدەستهێناوە و خۆشحاڵە بەوەی کە دوای ئەو هەموو ماندووبوونە ئامانجەکەی بەدەستهێناوە و حەزیش دەکات لە پزیشکی گشتیی بخوێنێت.
قوتابی، ئەماندا ئەمیر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کۆ نمرەکەم ٩٩ بوو لە بەشی زانستی، هەرچەندە حەزم لێ بوو لە یەکەمەکانی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان بم، بەڵام ئەم گرنگیدان و رێزگرتنەش تەواو دڵخۆشی کردم و هەستێکی جیاوازم هەیە کە رێز لە ماندووبوونەکەم گیراوە".
ئەماندا ئەمیر گوتیشی: "رۆژانە شەش تا حەفت کاتژمێر دەمخوێند و لە کاتی تاقیکردنەوەکانیش رۆژانە دە کاتژمێر دەمخوێند و هەستم خۆشە کە دوای ئەو هەموو ماندووبوونە ئامانجەکانم بەدەستهێناوە و حەزی ئەوەم هەیە لە پزیشکی گشتیی بخوێنم".
قوتابی، ئەسما موراد نەجم ئەمساڵ لەسەر ئاستی قوتابخانەکانی خوێندنی تورکمانی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و ئاماژە بەوە دەکات کە بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری خراپی لەسەر پڕۆسەی خوێندن کردووە.
ئەسما موراد نەجم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کۆی نمرەکەم ٨٢،٢٥ بوو لە بەشی زانستی، هەستێکی خۆشم هەیە کە بانگهێشتکراوم و رێز لە ماندووبوونەکەمان گیراوە لە راستیدا نەخۆشی و ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری خراپی لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەی خوێندنەکەمان هەبوو، هەر بۆیەیش دەمەوێت خۆم بۆ ساڵی دووەم دوابخەم بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوو نمرەی بەرزتر بێنم و بچمە بەشە پزیشکییەکان".