"رێکاری پێویست بەرامبەر نووسینگەکانی کەناڵی NRT گیراوەتەبەر بۆ رێگریکردن لە توندوتیژی و گێرەشێوێنی"
دیندار زێباری: "کەناڵیNRT بە بەردەوامی بە ئاقارێکی زۆر خراپدا رۆیشتووە لە ھاندانی خەڵک بۆ یاخیبوون لە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و شکاندنی قەدەغەکردنی ھاتوچو و گومان دروستکردن لەسەر بوونی نەخۆشی کۆرۆنا.."
Arbil
هەولێر - AA
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دیندار زێباری رایگەیاند کە لە ھەرێمی کوردستان کاری رۆژنامەوانیی و ئازادی رادەربڕین بە یاسا رێکخراوە، بەم پێیەش سەدان کەناڵی ئاسمانیی و لۆکاڵیی و روژنامە و گۆڤار و رۆژنامەی ئەلیکترۆنی بە ئازادی کارەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن، بەڵام ھەندێک لەو کەناڵانە بە سوودوەرگرتن لەو ئازادییە و بە ھاوکاری و ھاندانی کەسانێک دەیانەوێت ئەزموونی حوکمڕانی ھەرێم و بەھا پیرۆزەکانی کۆمەڵگا ناشیرین بکەن.
دیندار زێباری لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە "ماوەیەکە بە سوودوەرگرتن لە ئازادی کاری رۆژنامەگەریی لە ھەرێمی کوردستان چەند کەس و دەزگایەکی راگەیاندن بە ھەموو شێوەیەک دژی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان رەفتار دەکەن بێ گوێدانە ھیچ بەھایەکی نیشتمانی و نەتەوەیی تەنانەت رێزیان بۆ پیرۆزییەکانیش نەھێشتووەتەوە، لەوانەیش کەناڵی NRT و شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی ئەم کەناڵە کە لەڕێگای کەناڵەکەیەوە لە پرسە چارەنوسسازەکانی کوردیشدا وەک پرۆسەی ریفراندۆم دژی ویستەکانی گەلی کورد وەستایەوە و لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان کەمپینی دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم رێکخست بوو. لەلایەکی ترەوە لە گەرمەی شەڕی تیرۆریستانی داعش لە کاتێکدا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەنگەرەکانی بەرگریدا بوون، کەناڵەکەی ھانی خەڵکی دەدا بۆ نانەوەی ئاژاوە بە بیانووی دواکەوتنی مووچەوە".
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەشێکی راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت "چەندین جار دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ شاسوار و داخستنی کەناڵەکەی دەرکردووە لەوانە بەتۆمەتی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییکردن، لەلایەکی دیکەوە داواکاری گشتیی لە مانگی شەشی ئەم ساڵدا داوای ئەوەی کردبوو لەبەر بەرژەوەندی ھاووڵاتییان و ھێورکردنەوەی بارودۆخی ناوخۆی ھەرێم و سەرپێچیکردن لە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی لەخۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە پێویستی دەزانن کەناڵەکانی ئێن ئاڕ تی کوردی و عەرەبی بە یەکجاریی دابخرێت، ھەروەھا پێشتریش بەھۆی سەرپێچیکردن لە یاسا و رێنماییەکان کەناڵەکە بۆ ماوەیەکی کاتی داخرابوو".
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژە بە شکاندنی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لەلایەن ھاووڵاتییانەوە دەدات و ھۆکاری بەشێکی سەرپێچییەکانیش دەگەڕێنێتەوە بۆ کەناڵی ئێن ئاڕتی و رایدەگەیەنێت "کەناڵیNRT بە بەردەوامی بۆ ئاقارێکی زۆر خراپ رۆیشتووە لە ھاندانی خەڵک بۆ یاخیبوون لە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و شکاندنی قەدەغەکردنی ھاتوچو و گومان دروستکردن لەسەر بوونی نەخۆشی کۆرۆنا دوور لە یاسا کە پێچەوانەی بڕگەی سێی ماددەی سێیەمە لە رێنمایی رێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە ھەرێمی کوردستان (رێنمایی مۆڵەتی تەلەڤیزیۆن و رادیۆ).
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها ئەوە خراوەتەڕوو کە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی و راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە بەشی یاسا لە ٣/٦/٢٠٢٠ کەناڵی ناوبراوی ئاگادار کردووتەوە کە بەردەوامیدان بەم شێوازە لە راگەیاندن پێویستە رابگیرێت و رەچاوی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان بکرێت بە پێچەوانەوە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ناچارن رێکاری یاسایی بەرامبەر کەناڵی ئاسمانی NRT بگرنەبەر. بۆ ئەم مەبەستەیش لەم دواییەدا، وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر داوای داواکاری گشتی سکاڵای تۆمار کردووە لە دادگا و رۆژی ٩/٩/٢٠٢٠ دیاریی کراوە بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنەکە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بارەی ئازادی کاری رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان رایگەیاندووە "بەپێی یاسای رۆژنامەنووسی ژمارە (٣٥)ی ساڵی (٢٠٠٧)، لەم یاسایەدا گشت ئەرک و مافەکانی رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن دیاریی کراوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە ئازادییەکان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەدات لە ھەر ئاستێکدا بێت بەتایبەتی لە بواری رۆژنامەنووسیدا، بەڵام لە ھەمان کاتدا ناکرێت پیشەی رۆژنامەنووسی ببێتە ھۆکارێک بۆ بەزاندنی ئازادی کەسانی تر و ھۆکارێک بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوە و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی".
جەختیش لەوەکراوەتەوە کە بەپێی رێنمایی ژمارەی (٢) وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان تایبەت بە رادیۆ و تەلەڤیزیۆن لە کاتی پابەندن نەبوونیان بە یاسا و رێنماییەکان و ناوزڕاندن و سووکایەتیکردن بە خەڵک و رەمزەکانی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان، ھەروەھا بڵاوکردنەوە و ھاندانی خەڵک بۆ گێرەشێوێنی و توندوتیژی، بۆ جاری یەکەم کەناڵەکە دادەخرێت بە مەرجێک لە ٧٢ کاتژمێر زیاتر نەبێت و جاری دووەم لە ھەمان ساڵدا لە ھەفتەیەک زیاتر نەبێت و جاری سێیەم بەیەکجاری کەناڵەکە دادەخرێت و جارێکی دیکە بەم ناو و لۆگۆیەوە موڵەتی پێ نادرێتەوە، کەناڵی ناوبراو ئەم ساڵ چەندین جار سەرپێچی ئەم رێنماییانەی کردووە. لەم رووەوە رێکاری پێویست بەرامبەر نووسینگەکانی کەناڵی ئاسمانی NRT گیراوەتەبەر لە شارەکانی ھەرێم بۆ راگرتنی ھاندانی توندوتیژی و گێرەشێوێنی و تێکدانی ئارامی ھەرێمی کوردستان.
